کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەرپرسانی ئامریکا بە بۆنەی جێژنی چل ساڵەی ڕێژیمی ئێران

00:25 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بە بۆنەی جێژنی چل ساڵەی بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر پەیامی خۆیان بڵاو کردەوە.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەییی ئامریکا و مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، لە ڕۆژی ۲۲ی ڕێبەندان، بە بۆنەی جێژنی چل ساڵەی بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر پەیامی خۆیان ڕووبە خەڵکی ئێران بڵاو کردەوە.

دانڵد ترامپ، سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان، بۆ یەکەمجار بە زمانی فارسی لە تویتێکدا بە بۆنەی جێژنی چل ساڵەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران، بە هەشتەگی "چل ساڵ دۆڕان" نووسیویەتی: چل ساڵ گەندەڵی، چل ساڵ سەرکوت، چل ساڵ تێرۆر. ڕێژیمی ئێران تەنیا پێکهێنەری چل ساڵ دۆڕان بووە. خەڵکی ئێران کە ساڵانێکە لە ڕەنج و نەهامەتیدان، شایانی داهاتوویەکی ڕوونترن.

هاوکات جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامریکا، بە بۆنەی جێژنی چل ساڵەی بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامییەوە، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا ڕایگەیاند؛ پاش چل ساڵ، کۆماری ئیسلامی لە بەڵێنەکانی بۆ پاراستن و داکۆکی لە مافەکانی هاووڵاتییانی خۆی بێئاکام ماوەتەوە، ساڵڤەگەڕی چل ساڵەی ڕێژیمی ئێران، تەنیا نیشانەی چوار دەیە دۆڕان و بەجێ نەگەیاندنی بەڵێنەکان بووە.

جان بۆڵتۆن، لە تویتێکی تردا نووسیویەتی: کۆماری ئیسلامی چل ساڵ دۆڕان بووە، ئێستا ڕێژیمی ئێران دەتوانێت ئاڵوگۆڕ لە خۆیدا پێک بهێنێت یان لە کۆتاییدا هەڵبژاردن بە دەستی خەڵکانی ئێرانە تاکوو ڕێگای وڵاتەکەیان دیاری بکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پاڵپشتیی ئیرادەی خەڵکانی ئێران دەکات و پشتیوانی ئەوانە، تاکوو دڵنیا ببنەوە کە دەنگی ئەوان دەبیسترێت.

هەروەها مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا بە هەشتەگی "چل ساڵ دۆڕان"، نووسیویەتی: ئایەتوڵڵا خومەینی، لە ساڵی ۱۹۷۹ی زایینیدا بەڵێنی خۆشبژیوی و بەختەوەری داهاتووی بە خەڵکی ئێران دەفرۆشت. پاش چل ساڵ، ڕێژیمی باتڵ و بێدەسەڵاتی ئێران، جگە لە ئەمەگی دۆڕان هیچ شتێکی تری نییە بۆ دەرخستن و ئاراستەکردن.