کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی "بەرەی یەکگرتووی کورد" بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان

12:01 - 1 رێبەندان 2721

"بەرەی یەکگرتووی کورد" بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

٧٦ ساڵ بەسەر ٢ی ڕێبەندانی ١٣٢٤ی کۆچی هەتاویدا تێدەپەڕێت. ڕووداوێک  کە بوو بە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ گەلی کورد بە گەشتیی و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی.

دڵسۆزانی گەل لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەنداندا بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار قازی محەممەد، کۆماری کوردستانی لە ناوەندی مەهاباد دامەزراند و  بە فەرمی ڕاگەیەندرا.

 ڕاگەیاندنی سیستەمی کۆماری لەو هەلومەرجە مێژوویی و جوگرافیاییەدا شتێکی دەگمەن و بوێرانە بوو. کاتێ کە هەموو ناوچەکە بە دەست سیستەمی پاشایەتی و لە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرە سەرەڕۆکان دەچەوساوە، دامەزراندنی سیستەمێکی کۆماری و بەڕێوەبەرایەتی بەو پەڕی دادپەروەری وعەداڵەت خوازییەوە شتێکی دەگمەن بوو.

ئەو کۆمارە لە تەمەنی زێڕینی ١١ مانگەی خۆی و لە ژێر گوشاری هەمەلایەنە دا،  بەو پەڕی لێوەشاوەیی و کارامەییەوە توانی  ئەوەندە کار بکات کە جێگەپەنجەی تا ئەمڕۆ لەسەر کۆمەڵگای کوردی کاریگەری بێت و گەلی کورد وەک نۆستالۆژیا سەیری بکات و ئاواتەخوازی دووپاتبوونەوەی بێ.

١١ مانگ بەڕێوە‌بردنی وڵات بە ڕێبەرایەتی کەسایەتییەکی تاقانە و گیان لەسەردەست کە لە پاش ڕووخانی کۆمار بە پیلانی زلهێزەکان و بە دەست هێزە دواکەوتوو و کۆنەپەرەستەکانی ناوخۆیی ئەو سەردەمە، خۆی دەکاتە قۆچی قوربانی و بوێرانە دەچێتە سەر دار و بۆ هەتاهەتایە دەبێتە پێشەوای گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازان.

جێژنی ٢ی ڕێبەندانتان پیرۆز بێت.

بەرەی یەکگرتووی کورد

١ی ڕێبەندانی ١٤٠٠