کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەشی خوێندکاریی نێوخۆی وڵات سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەر

13:01 - 22 خاکەلێوه 2721

خوێندکارانی کوردستان لە پێوەندی بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" پەیامی سەرەخۆشی و هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی خاوەن‌هەڵوێستی کوردستان!

ئەندامان و لایەنگرانی ئاشکرا و نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

هەوری ڕەشی نەگبەتی دیسانیش باڵی بەسەر ئەم دەڤەرەدا کێشاوە و لە سەرەتای وەرزی بەهار و مانگی خاکەلێوەدا گوڵێکی ئاسۆی هیوای هەڵوەراندین. کاک لوقمان مێهفەر یەکێک لە بەئەمەگترین ڕۆڵەکانی حیزب و گەل، دوای ماوەیەک بەربەرەکانێی لەگەڵ پاندێمی کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد، کۆچی نابەوەختی ئەم هەڤاڵە تێکۆشەرە، تەنیا بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وەک خەسار چاوی لێ ناکرێت، بەڵکوو بیری ئاسۆمەند، دێموکراتیک و کردەوەی شۆڕشگێڕانەی ناوبراو هەم بۆ ئێستای خەبات و هەم لە داهاتوودا بۆ بووژانەوەی وڵات، بەپێی پێوەرەکانی دێموکراسیخوازی، نەک بۆ کوردستان بەڵکوو بۆ سەراسەری ئێران بە سوود بوو. هەر بۆیە کۆچی ناوبراو خەسارێکی گەورەیە کە وە جەستەی بیری دێموکراتیک کەوتووە.

قەڵەمی کارا، بیری کارا و کردەوە و هەڵوێستی کارای کاک لوقمان لە ماوەی تەمەنی پێشمەرگایەتیدا کارێکی کردبوو کە هاوڕێیانی شانازیی پێوە بکەن و نەیارانیش بە بوونی تووڕە بن.

بەم بۆنەوە لە ناخی دڵمانەوە سەرەخۆشی لە حیزب، بنەماڵە شۆڕشگێڕەکەی و سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران دەکەین.

ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی زانکۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ کاک لوقمان و گشت نامرادان و شەهیدانی ڕێگای ئازادیی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە تا وەدیهاتنی ئاواتەکانیان لە خەبات نەوەستین.

بۆ جارێکی‌ تر خەم و پەژارەی خۆمان بۆ لەدەستدانی کوڕە لێهاتووەکەی قوتابخانەی دێموکرات ڕادەگەیەنین.