بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ لە شارەکانی "سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد" بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامیکیان بڵاو کردەوە.
دەقی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:
خەڵکی خاوەن هەڵوێستی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
پێشمەرگە، گیان لەسەر دەست و قارەمانەکانی کوردستان!
ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆ، لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٤ـــەمین ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، گەرمترین سڵاوەکانمان ئاراستەی ئێوەی خۆشەوێست دەکەین.
لەناخی دڵمانەوە پەیمان و بەڵێنی لەگەڵ شەهیدان نوێ دەکەینەوە کە ڕێڕەوێکی بە ئەمەگی ڕێگەی سەروەرانمان بین و لە سەنگەری "زانکۆ"وە پەیمان و بەڵێنی دەگەڵ گشت شەهیدان نوێ دەکەینەوە هەتا وەدیهاتنی ئامانجە پیرۆزەکانیان لە خەبات نەوەستین.
هاوڕێیانی هێژا!
لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی هەر نەتەوەیەکدا لاپەڕەگەلێکی زێڕین تۆمار دەکرێن کە دەبنە، هێمای سەروەری خەبات و تێکۆشانی ئەو نەتەوەیە و لە پەڕگەکانی مێژوودا خۆیان هەرمان دەکەن و وەک هانەیەکی دەروونی، بە نێو شادەمارەکانی خەباتی ئەو نەتەوەیەدا گەڕیانیان دەبێت. بۆ ئێمەی کورد و خەباتە خوێناوییەکەی، ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، یەکێک لەو ڕۆژانەیە.
٧٤ ساڵ بەر لە ئێستا، سەرکۆماریی یەکەم کۆماری نەتەوەکەمان، لەلایەن سیستمی شۆڤێنیستی پاشایەتی ناوەندخوازەوە لە سێدارە درا.
پێشوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، قارەمانانە، بە وتنی "نا" بە سیستمی دیکتاتۆر و فاشیستی ئەو کات و پارێزگاریکردنێکی تەژی لە حیکمەت، لە خاک، ئاڵا و پێناسەی نەتەوەییمان، توانییان تۆوی خەباتێکی درێژخایەن لەنێو دڵی تاک بە تاکی ڕۆڵە وەفادارەکانی نەتەوەکەماندا بچێنن و مشخەڵانی خەبات لە کۆت و زنجیری تاریکستانی دیلی داگیرسێنن.
کۆماری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی لێوڕێژ لە دیکتاتۆری و ملهۆری ئەو کاتدا نەک هەر بۆ نەتەوەی کورد، بگرە بۆ گشت ئازادیخوازانی ناوچەکە دەیتوانی ببێتە ئاسۆی هیوا و سەرچەشنی بەشداریکردنی کۆمەڵانی خەڵک لە چارەنووسی خۆیاندا و دەکرا ئاراستەی دەوڵەتداریی لەمەیین و چەقبەستوویی، بەرەو ڕەهەندێکی تەواو دێموکڕاتیک وەرچەرخێنێ، بەڵام بەرژەوەندیخوازیی زلهێزەکان و قوڵە چۆماغەکانیان لە ناوچەکەدا چاویان دیتنی وەها سیستمێکی دێموکراتیکی نەبوو، هەر بۆیە کەوتنە پیلانداڕشتن!
تەمەنی کۆمارەکەمان دوای ١١ مانگ حکومەتداری تێکڕوخا و سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی لە دادگایەکی ڕواڵەتیدا حوکمی سێدارەیان بە سەردا سەپا.
٧٤ ساڵ دوای ئەو کارەساتە تاڵە، هەر ئێستا کوڕانی پێشەوا بە ورەیەکی پۆڵاینەوە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، گۆڤەندی ڕزگاری دەگێڕن و دڵنیاین هەتا وەدیهاتنی گشت ئامانجەکانی کۆمار، پێشەوا، شەهیدانی سەرکردە و گشت قارەمانانی گیانبەختکردوو، دەست لە خەبات هەڵناگرین.
سڵاو لە حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران، ڕێڕەوی بە ئەمەگی ڕێگەی شەهیدان
سڵاو لە گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و سەربەرزی کوردستان
ڕووڕەشی بۆ مێژووی پڕ لە شوورەیی دەسەڵاتی شۆڤێنیستی پاشایەتی و مردن و نەمان بۆ ڕێژیمی دژەئازادی ئاخوندی