کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی زانکۆکانی شارەکانی کوردستان، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

12:05 - 22 پووشپەڕ 2720

بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی زانکۆکانی شارەکانی "سەردەشت"، "پیراشار"، "نەغەدە"، "شنۆ" و "مەهاباد" بەبۆنەی ۲۲ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە سی و یەکەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی شەهیدکرانی جەرگبڕی ڕێبەر و سەرکردەی مەزن، دیپڵۆماتی ناودار و شۆڕشگێڕی نەسرەوتوو، دوکتور قاسملووی مەزندا، پەیمان و بەڵێن لەگەڵ ڕێگە و ڕێبازی ئەو مامۆستا گەورەیە نوێ دەکەینەوە کە هەتا وەدیهێنانی مافی نەتەوایەتیی گەلی کورد و دابینکردنی ئازادی و دێموکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی سێبەری نگریسی زوڵمی ڕەگەزی لە کوردستان، کە هەر هەموویان ئاواتی دوکتوری شەهید بوون، لە خەبات نەوەستین و هەردەم ڕێڕەوێکی بە ئەمەگی ئەو ئەستێرە گەشەی ئاسمانی خەبات و تێکۆشان بین.

سی و یەک ساڵ لەمەوبەر و لەوەها ڕۆژێکدا، کۆماری ئاخوندی دڵی گەورەی پیاوێکی لە لێدان خست کە هەموو تەمەنی فیدای دابینکردنی ئازادی و نەهێشتنی زوڵمە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگایەکی سیخناخ لە دیکتاتۆریی کردبوو.

بێگومان دوکتور قاسملوو تەنیا بیرمەندێکی نێو کتێبخانە و زانکۆ و هۆدەفکرییەکان نەبوو، بەڵکوو ناوبراو هەستی بەم ڕاستییە کردبوو کە جوانترین فکر و تێئۆرییەکان ئەگەر تێکەڵ بە پڕاکتیک و کردەوە نەکرێن، هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کۆمەڵگا نابێت. هەر بۆیە هاوڕێ لەگەڵ ئەوەیکە ڕۆژ بە ڕۆژ بە خەزێنەی بیری ئازادیخوازانەیەوە زیادی دەکرد، هەوڵی دەدا هەم بابەتە پێوەندیدارەکان لەنێو حیزبی دێموکراتدا پیادە بکات و هەم هەوڵی دەدا بە خەبات و تێکۆشان دەرگایەک بکاتەوە و بیانباتە نێو کۆمەڵانی خەڵکەوە و بە ڕۆشنگەری بەگژ جەهل و نەزانیدا بچێتەوە.

بە کورتی دوکتور قاسملوو هەم شۆڕشگێڕی بیر و ئەندێشە بووە و هەم شۆڕشگێڕی گۆڕەپانی کردەوە، ئەو تایبەتمەندییە ڕەفتارییە، دوکتور قاسملووی لە گشت سەرکردەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و ئێران و کوردستان بەتایبەتی جیا دەکردەوە.

لە سی و یەکەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ئەو ڕۆڵە مەزنەی گەلەکەمان، بۆ جارێکی‌ تر پەیمان و بەڵێنی لەگەڵ خوێنی گەش و ڕێگە و ڕێبازی نوێ دەکەینەوە کە هەتا دواهەناسە و دوادڵۆپی خوێن درێژەدەری ڕێگاکەی بین، "یان سەردەکەوین یان ئێمەش سەردەنێینەوە."

سڵاو لە گشت شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەتایبەت شەهیدانی سەرکردە "قازی"، "قاسملوو" و" شەرەفکەندی".

سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕێڕەوی بە ئەمەگی ڕێگەی شەهیدان.

بڕووخێت ڕێژیمی کۆنەپەرست و دژەئازادیی کۆماری ئاخوندی.