لە شار و گۆندەکانی کوردستان لەلایەن بەشێک لە مامۆستا و قوتابییان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵڤەگەڕی شەهیدکرانی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو"، پەیامی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدانیان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
پێشمەرگە قارەمانەکان و ئازادیخوازان!
سەدان ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، گیرۆدەی بەستەڵەکێکی کەم وێنەی سیاسییە و نەیانهێشتووە نەمامی ئازادی و دێموکراسی باڵا بکات و گەلانی ناوچەکە لەبەری بحەسێنەوە، ئەو ئارێشەیەش ڕیشەیەکی کولتووری هەیە کە بە ناخی مێژووی ئەم ناوچەیەدا شۆڕبووەتەوە و هەم هۆکاری دەرەکی و هەم ناوەکی بەربەستگەلێکیان چێکردووە کە سیاسەتیان لە مەفهووم بەتاڵ و لە کردەوەشدا بێ ئابڕوو کردووە.
سیاسەت لەم ناوچەیەدا بووتە کەلافێکی بێ سەر و بن و بەرژەوەندیخوازان بە مەیلی خۆیان ئەسپی سەرکێش و بێ لغاوی ویست و داوخوازە چەپەڵەکانی خۆیانی تێدا لێنگدەدەن، تاڵانیان کردووە، کوشت و بڕینیان ئەنجامداوە و دواجار بەشمەیەنەتی و چارەڕەشیش هەر بۆ جەماوەرە بێنواکە ماوەتەوە.
بۆ نەتەوەی کورد کە وڵاتەکەی بە غەدرێکی مێژوویی لەت لەت کراوە ئەو زوڵم و زۆرییە چەندقات بووە و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بە خەستی خۆی نیشان داوە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی هیچ نەتەوەیەک وەچاخکوێر نابێ و هەڵدەکەون کوڕانێک کە بە خوێندەوەی قووڵ و ژیرانەی کۆمەڵگاکەیان هەوڵی سڕینەوەی زوڵم زۆری دەدەن و تەنانەت گیانیشی بۆ بەخت دەکەن.
دوکتور قاسملوو یەکێک لەو بە دگمەن ئازادیخواز و شۆڕشگێڕانەی کوردستان بوو کە وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە لە ناو تاریکستانی سیاسیی ئەم ناوچە لیخنەدا دەدروشێ و "خانبابا تهرانی" وتەنی:
تەنیا مڵکی مەعنوی و سیاسی نەتەوەی کورد نەبوو بەڵکوو بیری ئازادیخوازانە و ڕەفتاری دێموکڕاتیکی، کردبووی بە کەسایەتێکی جێهانی و بە شەهید کردنی لە لایەن ئاخوندە بێمێشک و پاوانخوازەکانەوە، ناوچە، ئێران و کوردستان زیانێکی گەورەی بەرکەوت.
دوژمنی نەفام لای وابوو بە شەهیدکردنی ئەم سەرکردە بێوێنەیە، دەتوانێ گڕکانی خەباتی ڕەوای نەتەوەکەمان دامرکێنێ، غافڵ لەوەیکە قاسملوو فکرە، ئیرادەیە، بیری نەتەوەیەکی ئازادیخوازە! شادەماری شۆڕش و مەشخەڵانی خەباتە. هەر بۆیە ئێستا ڕۆڵە ئازادیخوازەکانی دێموکرات لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان گۆڤەندی ئازادی دەگێڕن و بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بڕیاریان داوە دانە دانە ئامانجە پیرۆز و مەزنەکانی شەهیدی سەرکردە وەدیبێنن.
ئێمەش وەکوو بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی شارەکانی کوردستان پەیمان و بەڵێن دەگەڵ گشت شەهیدان بەتایبەتی قاسملووی مەزن نوێ دەکەینەوە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەو ڕێبەرە لە خەبات نەوستین و ڕێبوارێکی بەئەمەگی ڕێگەی "سەروەرمان" بین.
مردن و نەمان بۆ بۆ کۆماری تێرۆریستیی ئاخوندی
سڵاو لە ڕووحی مەزنی دوکتور قاسملوو و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
بڕوخێ ڕێژیمی پەت و سێدارە
سەرکەوی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران