کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی شارەکانی کوردستان بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

13:18 - 21 پووشپەڕ 2722

بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی زانستگاکانی سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد بەبۆنەی ٣٣هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی بە شەرەف و مافویستی کوردستان!

ئازادیخوازانی سەرانسەری کوردستان، ئێران و جیهان!

٣٣ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ١٣٦٨ی هەتاویدا، دیپلۆمات تێرۆریستەکانی کۆماری ئاخوندی لە ڤییەنی پێتەختی ئۆتریش دەستیان گەیشتە گیانی مرۆڤێک کە تەواوی تەمەنی بۆ دێموکراسی، مافی مرۆڤ، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی کۆمەڵگایەک تەرخان کردبوو کە نەک لە کوردستان و لە ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بێ‌ وێنە بوو.

 لە ڕاستیدا دوکتور ''قاسملوو'' میراتگری ڕێبازێک بوو کە بە دەیان و سەدان ساڵ لە پێناو ئازادیدا خەباتی کردبوو، خوێنبەهای دابوو و نەیدەویست چیتر لەژێر نیری زۆرداریی دەسەڵاتدارە شۆڤێنیست و پاوانخوازەکانی تاراندا بمێنێتەوە. بەڵام ئاخوندە کۆنەپەرستەکان وەک پیشەی هەمیشەییان و بەخیاڵی خۆیان نەیاندەویست بیری گەشاوە و ئاسۆبینی مامۆستایەکی هەرەگەورەی ڕێگەی دێموکراسی لە کۆمەڵگادا تەنەوە بکات، غافڵ لەوەیکە تەواوی وانەکانی شەهیدی سەرکردەمان ئێستا لە ناخ و دەروونی تەواوی ئەندامانی کۆمەڵگاکەماندایە و ڕۆڵە بەئەمەگەکانی هەر ئێستا لە چیا سەرکەشەکانی کوردستاندا گۆڤەندی ئازادی دەگێڕن و تا وەدیهێنانی تەواوی ئاواتەکانی شەهیدان واز لە خەبات ناهێنن.

ئێمەش وەکوو بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی شارەکانی کوردستان لەم ڕۆژەدا پەیمان و بەڵێن لەگەڵ دوکتور قاسملوو و گشت شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان نوێ‌ دەکەینەوە تا ڕاماڵینی یەکجارەکیی زۆڵمی نەتەوایەتی و پیادەکردنی سیستمێکی دێموکراتیک، ڕێڕەوێکی بەئەمەگی ڕێگای پڕ لە شانازیی ئەو سەروەرانە بین و بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمان لە هەمیشە زیاتر لە گۆڕەپانی خەباتدا بین.

ڕاستە ئێستا دوکتور قاسملوو لە بواری جەستەییەوە لە نێوماندا نەماوە، بەڵام قوتابخانەی دوکتور قاسملوو و وانەکانی ئەم سەرکردە مەزنە لەنێو تەواوی شادەمارەکانماندایە و دوکتور قاسملوو بەڕاستی لە ڕێبازیدا زیندووە.

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سڵاو لە شەهیدانی سەرکردە و گشت شەهیدانی کوردستان.

مردن و نەمان بۆ سیستمی دژە ئازادی و تێرۆریستی کۆماری ئاخوندی.