بەبۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدانی کوردستان تەشکیلاتی پێشەوای مەهاباد پەیامێكیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەبۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان
لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ۱۳۲۶ی هەتاوی، دوژمنانی گەلی کورد لە گۆڕەپانی چوارچرای شاری مەهاباد ،پێشەوا قازی سەرکۆمار، سەیف و سەدری قازییان لە سێدارە دا.
خەیاڵیان وابوو شۆڕشی کورد و هەستی نەتەوەیی هەرەس پێبێنن، بەڵام دوای نزیک بە ٣٢ ساڵ خەباتی نهێنی و تێپەڕین لەو ڕووداوە تاڵە، ڕێبەری مەزنی گەلی کورد و قوتابی قوتابخانەی پێشەوا، دوکتور قاسملووی نەمر هەر لەو جێگایەی پێشەوای لێ لە سێدارە درا، خەباتی ئاشکرای حیزبی پێشەوای ڕاگەیاندەوە و مەشخەڵی پێشەوای دایە دەست نەسلی جەوان.
مەشخەڵێک کە هەتا ئێستا لە گەشە و نەشەدایە و بە دەستی لاوانەوەیە.
بە بۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، سەری ڕێز و حورمەت بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و بەڵێن دەدەین هەتا سەر بە سەر و ماڵ و گیان، ئامادەی فیداکارین و ڕێگای شەهیدان ڕێگامانە و ڕێنوێنییەکانی پێشەوا،تاجی سەرمانە.
تیمی تەشکیلاتی پێشەوای مەهاباد
۱۰ی خاکەلێوەی ۹۹ی هەتاوی