کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان درێژەی هەیە

17:39 - 22 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: قارەمانانی دێموکرات بۆ بۆنەی سیهەمین ساڵیادی شەهیدکرانی دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی بە ناردنی پەیام پشتیوانیی خۆیان لە حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.

دەقی پەیامەکە:

بە ناوی خاکی پیرۆزی کوردستان

بە ناوی ئاڵای سەربەرزی کوردستان

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

٢٢ی پووشپەڕ ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی پێغەمبەری ئاشتی کاک دوکتور قاسملووی هەرگیز نەمر و کاک عەبدوڵڵای قادری ئازەر ، ڕۆژێکی میژووییە کە نەتەوەی کورد لە بیری ناکات، چۆنکە تێرۆریستانی چەپەڵ و هار نە تەنیا ڕێبەری حیزبی دێموکرات بەڵکوو کەسایەتی زۆر قەدرگرانی کوردستان و جیهانیان شەهید کرد و جێگای خاڵیی ئەم کەسایەیتییە هیچ کات پڕ نابێتەوە.  بەڵام ڕێبوارانی ڕێگای قازی و  قاسملوو و شەرەفکەندی  فێر کراون کۆڵ نەدەن هەتا سەرکەوتن ،چونکە ئێمە قوتابیی مەکتەبی قازی و قاسملووین و بە باشی  ئامۆژگارییەکانی ئەوانمان  لە گوێ گرتووە .

  ئێمە خەڵکی ژاوەرۆی هەمیشە دیمۆکرات (ئەوێهەنگ، هوویە و سەرهوویە، ساڵیان و نجێ ، نییەر و مێراو، تەنگیسەر و شیان و بێساران) لە مەکۆی قارەمانان و مرۆڤە دڵ پاکەکان، شەهیدە سەربەرزەکان ناسر و مەنسووری ڕەشە هەورامی، حیسام ئەسعەدی، عەبدوڵڵا بەهرامی و هەڵۆ تێژفڕەکانی کۆساڵان، سەرکەوت و کاوەی باڵابەرز ، شۆڕش و شاخەوان و مام ئەکبەری نییەر ، کاک ڕۆحوڵڵا و مەهدی تەوریوەری و هەزاران پڵینگی چنگ ئاگرینی دیکەی وڵاتمان بە خۆێنی ڕژاوی شەهیدانمان سوێند دەخۆین هەتا دواین دڵۆپی خۆێنمان و دوایین هەناسەمان ڕێگای شەهیدانمان ون نەکەین و لەگەڵ ڕێبازی کاک دوکتور، پێغەمبەری ئاشتی پەیمان نوێ دەکەینەوە و هەتا ئازادیی کوردستان ناسرەوین .

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای نەتەوەی کورد