کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزب، لایەن، ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی بیانی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

12:52 - 22 گەلاوێژ 2720

ژمارەیەک لە حیزب، لایەن، ڕێکخراو و کەسایەتییە سیاسییەکانی بیانی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پەیامی پیرۆزباییان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نارد.

دەقی پەیامەکان:

پەیامی پیرۆزبایی

بۆ حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران

 ئامادەکردنی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان

ناوەرۆک

کەسایەتییەکان

کارۆڵ پرونهوبێر

ڕێکخراوەکان

سوسیالیست ئینترنەشناڵ

رێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان ( ( UNPO

هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز

ئەندامانی پارلمانی ئورووپا

ئەندریاس شیدەر

ئەمریکا

پەیامی پرۆفیسۆر دەیڤید رۆمانۆ مامۆستای زانکۆ و نووسەر لە ئامریکا

پەیامی دوکتور دەیڤید فیلیپس بەرپرسی ئەنستیتۆی ئاشتی و  مافی مرۆڤ لە ئامریکا

ئاڵمان

حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان س پ د

کۆمەڵگای نەتەوەکانی هەڕەشەلێکراو

بەلژیک

مونیک سمیتس

مارک ده‌مه‌سمائه‌که‌ر

بولگاریا

حیزبی سۆسیال دێموکراتی بولگاریا

ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئینتۆلێرانس

بریتانیا

دایانا جۆنسن

دانمارک

مادس ز. فه‌دده‌رسه‌ن

سوئێد

ئاندرس ئوێستبێری و کادیر کاسیرگا

توماس هاماربێری

سوئیس

حیزبی سۆسیال دێموكراتی سوئیس

کەسایەتییەکان

کارۆڵ پرۆنهوبێر

هاوڕێیانی بەرێز،

لە حەفتا وپێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێراندا، دەمهەوێت پشتیوانی و هاوپەیوەندیی خۆم ئاراستەی ئێوە بکەم بۆ کۆڵنەدانتان لە خەبات لە پێناوی گەیشتن بە ئازادی، دێموکراسی و مافی مرۆڤ بۆ هەموو نەتەوەی کورد.

‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە دەیان ساڵە ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوایەتیی کوردە. سەرەڕای ئەو هەموو قوربانییانەی کە داویەتی، ئەو حیزبە بە پشتیوانیی لەبننەهاتووی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات بەردەوام هەنگاوی بەرەوپێش ناوە.   

هەر بەردەوامبن لە خەبات بۆ گەیشتن بە بەهاکانتان و بۆ وەدەستهێنانی داهاتوویەکی باش بۆ هەموو لایەک.  

لەگەڵ سڵاوی گەرم بۆ هەمووتان،  

کارۆڵ پرۆنهوبێر

ڕێکخراوەکان

سوسیالیست ئینترنەشناڵ

بۆ سکرتێری گشتی "مستەفا هیجری"، ئەندامانی دەفتەری سیاسی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە ڕێکەوتی ١٦ی ئاگوستی ١٩٤٥  و دیاریکردنی ساتێکی گرینگ لە مێژووی حیزبەکەتان،  پێم خۆشە پیرۆز برایانەی خۆمتان ئاراستە بکەم.

هەوڵەکانی گەلی کورد لە پێناو ماف و ئازادییەکانیان و بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و دێموکراسی لە داهاتوودا، بووە هۆکاری دامەزراندنی پەیوەندی نێوان حیزبی وەک ئێوە و ڕێکخراوەی ئێمە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە سوسیالیست ئینترنەشناڵ بوو بە ڕێکخراوەیەکی تەواو جیهانی، پرسی گەلی کورد، نیگه‌رانییەکانیان و هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی پرەنسیپ و بەها هاوبەشەکان ، بوون بە بەشێک لە به‌رنامه‌ی كاری سوسیالیست ئینترنەشناڵ. لەم سەفەرە هاوبەشەدا، بەتایبەتی یاد دەکەینەوە و ڕێز لە ڕێبەران، عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و سادق شه‌ره‌فکه‌ندی دەگرین کە هەردووکیان لە چالاکییەکانی سوسیالیست ئینترنەشناڵ بە شدارییان دەکرد.

ئاواتم سەرکەوتنتانە لە بەرزڕاگرتنی ئەم یادەدا.

لەگەڵ ڕێزمدا،

لویس ئایالا

سکرتێری گشتی

ڕێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان ( (UNPO

"مستەفا هیجری"، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێز کاک "مستەفا هیجری" و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!

بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران

لە ڕۆژەکانی نێوان ٣١ی ژولای تا ٢ی ئاگوستی ٢٠٢٠ ڕێکخراوی نەتەوە وگەلە بێ دەوڵەتەکان کۆبوونەوەی گشتیی خۆی پێک هێنا. هەر وەک دەزانن، ڕێکخراوی ئێمە لە نوێنەرانی ئەو گەل و نەتەوە بێ دەوڵەتانە پێک هاتووە کە لە ئاستی دونیادا نوێنەرایەتی سێسەد ملیۆن کەس دەکەن. هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی ئێمە، بە شێوەیەکی بەرچاو، لە نوێنەرایەتی بەرانبەر لە دامەزراوە میللی و نێونەتەوەییەکانی حوکمڕانیدا بێبەشن. هەر بۆیە هەموویان، لە ئاکامی ئەو بێبەشی و هەڵاواردنەدا، لەگەڵ ڕەنج و میحنەت بەرەوڕوون و زۆر بەکەمی دەتوانن پەرەسەندنی ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی خۆیان کۆنترۆڵ و مافەکانی خۆیان  دابین و دەستەبەر بکەن.

کاتێک ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان کۆدەبنەوە، هەوڵ دەدەن  ئەو مەسەلە و کێشە جیددییانە، کە شوێنەواریان لەسەر نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان هەیە، لە ڕێگای بڕیارنامەی نوێنەرەکانیانەوە، بخەنە بەر باس و لێدوان. زۆر جار ئەو بڕیارنامانە پەیوەندییان بە گەلێک مەسەلەی جۆراوجۆرەوە هەیە کە شوێنەواری خۆیان لەسەر ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی رێکخراوی ئێمە لە ئاستی جیهانیدا دادەنێن. هەندێک جار، کاتێک کە وەزعێک لە دەوڵەتێکدا، یان بەرانبەر نەتەوە و گەلێکی بێ دەوڵەت دێتە پێش کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەیە، تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت، شوێن لەسەر هەمووان دانێت،ئەندامانی رێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان، بڕیارنامەیەک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو وەزعەدا پەسند دەکەن.

ڕۆژی ٢ی ئاگوستی ٢٠٢٠ ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان لە کۆبونەوەی خۆیاندا، بڕیارنامەیەکی لەو چەشنەیان، سەبارەت بە نەتەوە و گەلانی بندەستی ئێران پەسند کرد. ئەوان لەو بڕیارنامەیەدا بەتایبەتی نیگەرانیی خۆیان سەبارەت بەو چەوسانەوە و هێرش و پەلامارە بەردەوام و پەیتاپەیتایە دەربڕی کە گەلی کورد نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو بەهۆی ئەو تێرۆریزمە دەوڵەتییە کە ئێران پشتیوانیی لێ دەکات، لەدەرەوەشدا، لەگەڵی بەرەوڕوویە.

لە کاتێکدا کە لەو کۆنگرەیەدا گەلێک بڕیاڕنامەی دیکەش پەسند کران، بڕیارنامەی ناوبراو لە نەوعی خۆیدا تاقە بڕیارنامەیەکی لەو چەشنە بوو کە لە کۆنگرەی پازدەهەمی رێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکاندا پەسند کرا. هەر بۆیە ئومێدەوارم، لە یادی حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ئەو بڕیارنامەیە، نیشاندەری ئاستی ئەو هاوپەیوەندی و پشتیوانییە نێونەتەوەییە بێت کە لەگەڵ خەباتی گەلێ کورد لە کوردستانی ئێران و لەڕاستیدا لەگەڵ گەلی کورد بەگشتی نیشان دەدرێت.

جێگای داخە کە پاش تێپەڕینی حەفتا و پێنج ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبەکەتاندا، هێشتاش گەلی کورد لە کوردستانی ئێران هەروا بۆ وەدیهێنانی ئازادیی خۆی لە خەبات دایە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە جێگای خۆشحاڵییە کە گەلی کورد لە کوردستانی ئێران کەسانی وەک ئێوە و ئەو هاوڕێیانەتی هەیە کە لە رێکخراوی نەتەوە بێ دەوڵەتەکاندا کار دەکەن. کەسانێک کە هەموو وجودی خۆیان بۆ باشترکردنی وەزعی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران تەرخان کردوە. هەروەک لە بڕیارنامەکەدا هاتبوو، ئێمە دڵنیاین کە ئەوانەی بە ڕاستی خۆیان بەرانبەر پرەنسیپ وبنەماکانی رێکخراوی نەتەوە و گەلە بێ دەوڵەتەکان بەرعۆدەن دەزانن، وەک بڕوای قایم بە بەکارنەهێنانی توندوتیژی وەک ئامرازێک بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ، خەبات بۆ حەقی بەرانبەر بۆ وەدستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و تێکۆشان لەپێناو دێموکراسی و دابینکردنی مافەکانی مرۆڤدا، سەرەنجام  سەردەکەون.

بەبۆنەی جەژنی حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبەکەتانەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەم و خۆشی و شادمانیتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

دڵسۆزتان

ڕاڵف بونچە

سکرتێری گشتی

هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز

بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری

مستەفا هیجری خۆشەویست،

هاوڕێیانی خۆشەویست،

لەلایەن هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز و هەروەها شەخسی خۆم پیرۆزبایی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لێ دەکەم.

وەک هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازشانازی دەکەین کە حدکا دەگەڵمانە. ئێوە بە باوەڕێکی قووڵ نیشاندەری ئەو ئەرزشە هاوبەشانەمانن کە بریتین لە ئازادی، عەداڵەت و پاڵپشتیی یەکتربوون. زۆر گرینگە کە هێزەکانی هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز زۆر پاڵپشتی یەکن لەسەرانسەری سنوورەکان. تەنیا بەیەکەوە دەتوانین بەرەنگاری هەڕەشەکان لە دژی دێمۆکراسی و دژی پێشکەوتنخوازی بکەین.

چاوەڕێین کە هاوکاریمان لە داهاتوودا بەهێزتر بکەین و ئاواتەخوازی داهاتوویەکی باش بۆ ئێوەین.

بە ڕێز و ئێحترام

کۆنی ڕۆیتەر

ڕێکخەری گشتیی هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز بێرلین ٣١ ی ژوییەی ٢٠٢٠

ئەندامانی پارلمانی ئورووپا

ئەندریاس شیدەر

هاوڕێیانی بەرێز،

لە حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێراندا، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە دەکەم و ڕێز بۆ خەباتتان بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوایەتی کوردەکان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموكراتیک و فیدراڵدا دەنێرم.

ئێمە لە پارلمانی ئورووپا هەمیشە پێداگری لەسەر دێموکراسی، ئازادی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرانبەریی جنسییەتی لە ئێران  کە ڕێز و لە کۆتاییدا دان بە مافەکانی کەمەنەتەوایەتییەکاندا بنرێت، دەکەین.

من ڕێزی زۆرم هەیە بۆ هەموو ئەوانە کە پێداگری لە سەر تێڕوانین و مافەکانی خۆیان دەکەن. لەهەمان کاتدا ڕێزی زۆرم بۆ هەموو ئەوانەی کە خەبات بۆ وەدیهێنانی دێموکراسی و مافە بنچینییەکانی خۆیان دەکەن.

ئێستا کاتی ئەوەهاتووە کە مافی کەمینەکان لە ئێراندا دانی پێدا بنرێت و هەموو لایەک بەشێک بن لە کۆمەڵگا، بە هەمان ماف و ئەرک. هەموو لایەک مافی ئەوەی هەیە کە لە ئاشتی و ئازادایدا بژی. سەرئەنجام پێویستە ڕێچکەکە دوورکەوێتەوە لە ڕێژمێکی دیكتاتۆر و هەنگاو بنرێت بەرەو  دێموکراسی.

هیوای باشترینتان بۆ دەخوازم و بیرم لاتانە.

ئەندریاس شیدەر

ئەندامی پارلمانی ئورووپا

ئامریکا
 
پەیامی پرۆفیسۆر دەیڤید ڕۆمانۆ مامۆستای زانکۆ و نووسەر لە ئامریکا

هاوڕێیانی خۆشەویستم لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێگەم بدەن گەرمترین پیرۆزباییەکانتان بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاراستە بکەم. حیزبی دێموکرات هاوڕێ لەگەڵ ئەو سیمبۆلیسمە سەرەتاییەی کە بە بنیاتنانی کۆماری کوردستانەوە هاتە ئاراوە هێشتا هەر زیندووە و تەشەنە دەستێنێت. ئەگەرچی ئەو هەموو ڕێبەرە مەزنە و هزرە بەرزانەی کە ئەوەیان بەرهەم هێنا و ئەو چرا درەوشاوانە کە گەورەیان کرد ئێستا لە ناوماندا نەماون بەڵام هزر و بیر و ئایدیاکانیان نەتەنیا لە ڕۆژهەڵات بەڵکوو لە هەموو کوردستان و لەهەرشوێنێک کە کوردێک هەبێت ماونەتەوە و بەردەوامن.

ئەگەرچی من خۆم کورد نیم بەڵام دەمهەوێ بڵێم کە بە ڕاستی تا ڕادەیێکی زۆر تەحسینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ئەو خەباتەی دەکەم کە حدکا لەگەڵ نەتەوەکانی تری ئێران بۆ گەیشتن بە مافەکانیان بنیاتی ناوە و شانازییان پێوە دەکەم. ئەگەرچی ڕژێمی ئێران پشتیوانی و پشتگری کردووە لە گرووپگەلی تێرۆریستی، بەڵام حیزبی دێموکرات هیچکات وەها هەڵسووکەوتێکی نیشان نەداوە. بۆیە وەکوو چۆن لە ناو وڵاتەکاندا هەندێک شوێن دەبینین کە پێبەندی یاساکانی شەڕ نین لە ناو بەرخۆدانەکان و رێکخراوەکانیشدا هەن لایەنگەلێک کە پێبەند بن و لایەنگەلێک کە پێبەند نەبن. هەمووکەس دەبێ ئەو ‌هەڵبژاردەیەی حدکا کە لە سەرەتای دەسپێکیەوە هەوڵی داوە کە خەڵکی سیڤیل نەکاتە ئامانج و خەباتەکەی بە شێوازێکی شەرافەتمەندانە بباتە پێشەوە بناسێت و تەحسینی بکات.

ئەو ستانداردانە و ئەو پێوەرە ئەخلاقییانەی کە حیزبی دێموکرات خۆی پێبەندییان دەزانێت زۆر بەرزترن لەوانەی ڕێژیمە جۆربەجۆرەکانی تاران و ئێمە هەموومان ستایشی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین بۆ ئەو نموونەیەی کە لە خۆی نیشانی داوە.

ئاواتی من سەرکەوتنی ئێوەیە بۆ بنیاتنانی کوردستانێکی خودموختار لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتدا. بژی حدکا

براتان دەیڤید ڕۆمانۆ

پەیامی دوکتور دەیڤید فیلیپس بەرپرسی ئەنستیتۆی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ئامریکا

ئەمە پەیامی هەمبەستەگییە بۆ ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. خۆی دامەزراندی ئەو حیزبە هەنگاوێکی مێژوویی بوو، هەروەها هەتا ئێستا هەوڵی زۆر گەورە دراون و دەسکەوتی زۆر بەدەست کەوتوون. بەڵام کورد لە ئێراندا پێویستیی بە هەوڵی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بگەن و بتوانن ئاسایش و مانەوەی خۆیان مسۆگەر کەن. ئێمە بەڵێنیی پشتگیری دەدەین بۆ ئەم ئامانجە.

دەیڤید فیلیپس

بەرپرسی ئەنستیتۆی ئاشتی و مافی مرۆڤ لە ئامریکا

ئاڵمان

حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان س پ د

بۆ سکرتێری گشتیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری

بێرلین، ژوییەی ٢٠٢٠

"مستەفا هیجریـ"ـی خۆشەویست،

هاوڕێیانی خۆشەویست،

لەلایەن حیزبی سۆسیال دێمۆکراتی ئاڵمان و هەروها شەخسی خۆم پیرۆزبایی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دەکەم.

حیزبی ئێوە لەو ٧٥ ساڵەدا تێکۆشانی گەورەی بۆ ئازادی و هەمبەستەگی ئەنجام داوە. حیزبی ئێوە لە هەمان کاتدا سەرکوت و ئازاری بینیوە، بەڵام بە بیروباوەڕی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و مافی چارەنووس وەفادار ماوەتەوە.

حیزبی س.پ.د ئاواتەخوازی سەرکەوتن و بەرخۆدانتان بۆ ئامانجە سیاسییەکانتانە و هیوادارین کە پەیوەندیی دوو لایەنەمان بەهێزتر بکەین. ئاواتەخوازی داهاتوویەکی باش بۆ ئێوەین.

بە ڕێز و ئێحترام،

فرانچ دانێر

سکرتاریای ناونەتەوەیی س.پ.د

کۆمەڵگای نەتەوەکانی هەڕەشەلێکراو

بۆ دەفتەری سیاسیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هەموو ئەندامان ولایەنگرانی

بەڕێزان،

دۆستانی خۆشەویست،

بۆ ئێمە شانازی و لەهەمان کات جێی خۆشحاڵییە کە بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵی دامەزراندنی حدکا لە ئێوە ئەندامان ولایەنگران پیرۆزبایی بکەین و بۆ داهاتوو سەرکەوتن بخوازین.

حدکا کە لە ١٦ی ئاگوستی ساڵی ١٩٤٦ دامەزرا، ڕابردوویەکی تراژێدیک و خەمناکی هەیە. ئەندامان و ڕێبەرایەتییان تەعقیب، ئەشکەنجە، دەستبەسەر یا خۆ تووشی کوشتن هاتوون. ئێمە قەت لەبیر ناکەین کە ٥٠٠٠٠ کوردی بێتاوان لە ماوەی هاتنە سەرکاری خومەینی تا ئێستا کوژراون. بەڵام ئێوە سوننەتێکی گەورەتان هەیە، ئەویش خەبات بۆ ئازادی و مافی چارەنوسی گەلی کورد لە ئێران. ئەمەش جێی سەرنج و ئێحتیرامە وەک نوێنەری نێونوتەوەیی ١٠ ملیۆن کورد لە ئێران. ئێمە وەک ڕێکخراوێکی مافی مروڤ زیاتر لە ٥٠ ساڵە کە پشتیوانیی کورد لە ئیران دەکەین بۆ وەدیهێنانی ئۆتۆنۆمی و دیمۆکراسی. دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو دوکتور سادق شەرەفکەندی لە بیری ئێمە ناچن کە بە دەستی بکوژانی ئێران لە ڤییەن و بێرلین تێرۆرکران.

تێدەگەین کە کورد لە هەلومەرجی دژوار دژی دیکتاتۆران و بکوژانی بەکۆمەڵ خۆڕاگریی کردووە. ئەو تێکۆشانە دەبێ لە ڕێگای ئاشتی خوازانەش درێژەی پێ بدرێت.

ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوییە، کورد، ئازەری، تورکمەن، عەرەب، بەلووچ، ئاسوری و ئەرمەنی بەشی زۆری ئێران پێک دە‌هێنن. بۆیە زۆر نیشانە هەیە کە ئێران دەتوانێت لە داهاتوو شۆڤینیسم جێ بهێڵێ و ببێتە وڵاتێکی فیدراڵ. زۆرینەی لاوانی ئێران تامەزرۆی ئازادی و دێمۆکراسین.

کۆمەڵگای نەتەوەکانی هەڕەشەلێکراو وێڕای حدکا و هەموو هێزە دێمۆکراتەکانی ترپشتیوانی لە دێمۆکراسی، مافی مرۆڤ و کەمایەتییەکان  و هەروها مافی چارەنووس و فیدرالیسم دەکات.

سڵاو و ڕێز

ئولریخ دێلیوس

 بەڕێوەبەری کۆمەڵگای نەتەوەکانی هەڕەشەلێکراو

کەماڵ سیدۆ

بەشی کەمایەتییەکانی کۆمەڵگای نەتەوەکانی هەڕەشەلێکراو

Gesellschaft für bedrohte Völker (GfbV)

بلژیک
 
مونیک سمیتس

بەڕێز کاک  "مستەفا هیجریـ"ـی خۆشەویست!

 ئەندامانی خۆشەویستی حیزب!

بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە، کە هەر لە سەرەتای دامەزرانیەوە لەپێناو كەرامەت و مافەکانی نەتەوەی کورددا خەباتی کردووە، پیرۆزباییەکی گەرمتان لێ دەکەم.

دەتوانی شانازی بە هەبوونی بزووتنەوەی سیاسی خۆتانەوە بکەن کە خاوەنی دینامیک، ئیدئۆلۆژی و کلتوری خۆیەتی. لەو نێوەدا من بە تایبەتی تەعەهودی لە ڕادەبەدەری ئێوە بە پرەنسیپەکانی دێموکراسی، ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و بەرانبەریی جنسییەتی بەرز و پڕ بایەخ دەنرخێنم.

من ئاگادارم کە ئێوە، لەپێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجە بەرز و پیرۆزانەدا، چەندە وەخت دادەنێن و چ هەوڵ و کۆششێکی زۆر لە خۆتان نیشان دەدەن. لەو بارەوە ئەمن بە ڕاستی سەرسامی دەسکەوتەکانی هیزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و گەشەی بەشداری و موشارەکەتی ڕادەی ئەو کچ و ژنانەم کە لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا خەریکی خەبات و تێکۆشانن.

وەک دۆستێکی گەلی ئێوە، شاهیدی خەباتی ئازایانە، شێلگیر و قارەمانانەی ئێوەم لەپێناو ئازادی کوردەکان لە ئێراندا، کە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا، هەروەک جارێک مارک كراڤیتز گوتی، ئاشتی بۆ ئەوان لە جیاتی هەمیشەیی و قاعیدە بێ ، زۆرتر ئیستیسنا و بەهەڵکەوت بووە. بۆیە ئاشتیەکیش کە ئاکامەکەی بۆ ئەوان ببێتە ئازادی، دەبێ لەوەش ئیستیسنا و بە دەگمەنتر بێت.

لێرەدا بە خەم و پەژارەوە ڕادەگەیەنم کە بیر و زەینی من لەلای ئەو هەموو پێشمەرگە، ئەندام و لایەنگرە لە ژمار نەهاتووانەی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێرانە کە لەو ڕێگا و ڕێبازەدا شەهید بوونە. لەو پەیوەندییەدا هاودەردیی قووڵی خۆم لەگەڵ بنەماڵە و دۆست و ئاشناکانیان و هەروەها ئەندامانی حیزب دەردەبڕم. شەریکی خەم و پەژارەی ئەوانم.

هیوادارم  ئێستا کە ئەو قۆناغە گرینگە لە مێژووی حیزب و بزووتنەوەکەتاندا جەژن دەگرن، دۆستەکانتان و بنەماڵەکانیان دەوریان دابن و هەست بە گەرمی و پشتیوانی و هاوپێوەندییان لەگەڵ خۆتان بکەن. گەرمترین سڵاوتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان لە خەبات و تێکۆشاندا بۆ دەخوازم.

مونیک سمیتس

برۆکسل، ٢٨ی ژولای ٢٠٢٠ ی زاینی

مارک ده‌مه‌سمائه‌که‌ر

‌‌هاوڕێیانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،

بە ناوی گرووپی پارلمانی هاوپەیمانی نوێی فلامیش (N-VA)، بە شانازییەوە پیڕۆزباییتان لێ دەکەم بەبۆنەی حەوفتا و پێنجەمین ساڵی دامەزرانی حیزبەکەتان. لە هەمان کاتدا پێم خۆشە پەیامێکی بە‌هێزی هاوپەیمانی، ڕێز و هیوا بە داهاتوو بنێرم بۆتان.

هاوپەیمانیی نوێی فلامیش لە دێرین زەمانەوە پشتیوانی لە مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموو نەتەوەکان دەکات. نەتەوەی کوردیش، وەک هەموو نەتەوەکانی تر، مافی چارەی خۆنووسینی هەیە و ئێمە هەمیشە پشتیوانی دەکەین لە خەباتی ئێوە بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەکانتان.

ئێمە لە ڕەوش و بارودۆخی تراژێدیکی ژیانی خەڵکی کورد و کۆمەڵگاکانی تر لە ئێران، ئاگادارین. ئێمە بەردەوام و بە ئاشکرا پێشێلکارییەکانی مافی مڕۆڤ و چەوسانەوەی سیاسیمان مەحکوم کردووە و بەردەوامیش دەبین لەم کارە لە ئاستی فلامیش، نەتەوەیی و لە ئاستی یەکیەتیی ئورووپادا. هاوهەستی و فشاری نێونەتەوەیی پێویستن بۆ ئەوەی بتوانین سەرئەنجام بارودۆخەکە بەرەو باشتر بەرین. لەگەڵ تێکڕای جیهانی ئازاددا، ئێمەش چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەین کە ئێران ببێتەوە بەشێک لە کۆمەڵگای وڵاتانی ئازاد و دێموکراتیک. ئەمە لەکاتێکدا دەکرێت کە مافە مڕۆڤی و نەتەوایەتییەکانی کەم ‌نەتەوایەتییەکان ڕێزیان لێ بگیرێت. ئێمە گومانمان لەوەدا نییە کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لەم گۆڕانکارییەدا. بەردەوام بن لە خەبات.

بە بێ لەبەرچاوگرتن خراپیی باڕودۆخەکە، ئێمە هەرگیز نائومێد نابین و ڕاناوەستین لە خەبات لەپێناو پرەنسیپە دێموکراتییەکانماندا. لە بیرتان بێت کە ئێوە تەنها نین. ئێمە لەگەڵ ئێوەین.

بە هیوای دیدار

لەگەڵ ڕێزم،

مارک ده‌مه‌سمائه‌که‌ر

 نێناتۆری N-VA

بولگاریا

حیزبی سۆسیال دێموکراتی بولگاریا

هاوڕێیانی بەڕێز،

بە ناوی سۆسیال دێموکراتەکانی بولگاریا پیرۆزباییتان لێ دەکەین بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبەکەتان.

ئێمە پشتیوانی لە خەباتی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد دەکەین.

 دیکتاتۆری، چه‌وساندنه‌وه و نەبوونی مافە دێموکراتییەکان بە هیچ شێوەیەک جێگای پەسەند نین لە دونیای مۆدێرن.

هاوڕێیانی بەڕێز،

ئێمە لە بولگاریا پەیوەندی و هاوکاریی باشمان هەیە لەگەڵ نوێنەری ئێوە. ئێوە دەتوانن هەموو کات حیساب لە سەر پشتیوانی ئێمە بۆ خەباتی دێموکراتیخوازانەتان بکەن.

پرۆفیسۆر ئالێکساندر تۆمۆف

سەرۆکی حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی بولگاریا

ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئینتۆلێرانس

بە ناوی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی ئینتۆلێرانس، پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەنێرین بە بۆنەی یادی ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی.

هیواخوازین کە هەوڵ و تێكوشانی ئێوە و لایەنگرانتان بە ئاكام گەیشتنی کۆمەڵگایەکی دیمۆكرات بێت.

 لەگەڵ ڕێز،

ئەندرێ سفێتكوف

ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی عدم تحەموول / ئینتۆلێرانس

(граждански съюз не търпимост)

بریتانیا

دایانا جۆنسن

سپاستان دەکەم بۆ ناردنی نامەکە و گرینگی دەدات بەوەی کە حیزبی دێموکراتی کورستانی ئێران ٧٥ـەمین ساڵڕۆژی دەمەزراندنی جەژن دەگرێت.

گرووپی مافی مرۆڤ لە پارلمانی بریتانیا لە بارودۆخی سەختی کوردەکان و کەمینەکانی دەیکە و ئەوانەی کار لە سەر مافی مرۆڤ لە ئێران دەکەن ئاگادارە. ئێمە پشتگیریی هەر هەولێکی ئاشتیخوازانە دەکەین بۆ ئەوەی حکوومەتی ئێران بەرپرسیار بکرێ بەرامبەر بە سەرپێچییە بەردەوامەکانی و فشار خستنە سەری بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی و پاپەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ.

لەگەڵ سڵاو و رێز،

دایانا جۆنسن

 پارلمانتار و بەرپرسی گرووپی مافی مرۆڤ بۆ هەموو حیزبەکانی بەشدار لە پارلمان

دانمارک

مادس ز. فه‌دده‌رسه‌ن

بەڕێز ‌حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،

لە دانمارکەوە هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازین و بەبۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران پێرۆزباییتان لێ دەکەین.

ئازادی نرخی دەوێت و خەباتی ئێوە بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ بە ڕاستی ئێلهام بەخشە. سپاس بۆ ئەوەی کە وەبیر هەموو لایەک دێننەوە کە پێویستە خەبات بۆ جیهانێکی باشتر بکەین، جیهانێک کە لە سەر بەها دێموکراتییەکان دامەزرابێت.

ئێمە لەگەڵ ئێوەین

 بەردەوام بن

بژی کوردستان

لەگەڵ ڕێزم،

مادس ز. فەددەرسەن

سوئێد

ئاندرس ئوێستبێری و کادیر کاسیرگا

دۆستان و هاوڕێیان!

ئێمە ئیمڕۆ لە کات و ساتێکی (استثنا) دەژین. سەردەمێک کە هەموو جیهان پێکەوە تێدەکۆشن کە لەگەڵ ڤایرۆ سی کۆرۆنادا بەربەرەکانی بکەن. لەم کاتەی کە ئەم وتارە دەنووسم زیاتر لە ٦٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە. ئەم ڤایرۆسە بووە هۆکاری ئەوەیکە کۆمەڵگا  سەرلەنوێ و ژیان لە زۆر بواردا ڕابوەستێت. ڤایرۆسی کۆرۆنا بەو جۆرەی کە دەبینین بووە هۆی ناعەداڵەتی و نایەکسانی لە دەوروبەی خۆماندا.

سەرەڕای ئەو پاندامییە جیهانیەی، ئێمە دەبینین هاوکات ئاڵوگۆڕی سیاسی لە جیهاندا هەموو لایەکمان نیگران دەکا. دەستێوەردانەکانی چین لە هۆنگ کۆنگ، شەڕی نێوخۆی سووریە، شەڕی هەمە لایەنە لە لیبی، هەڕەشەی ئیسرائیل لە فەلەستین، تورکیە و زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی بۆ گرتنەوەی تەواوی کوردستان و کۆمەڵێک ناوچەی عەرەبی و پەرەپێدانی عەسکەری و سیاسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چەند نموونەیەکی ئەو ڕووداوانەن کە ئێمە سوسیال دێموکراتەکان دەترسێنێت کە تێدەکۆشین بۆ یەکسانی کۆمەڵگا کە لەسەر ڕێز دامەزراوە بۆ هەموو مرۆڤەکان کە پابەندە بە مافەکانیانەوە.

ئێمە سوسیال دێموکراتەکان مێژوویەکی دوور و درێژمان هەیە لە بواری هاوکاری و هاوپەیوەندی لەگەڵ خەباتی خەڵکی کورددا. ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین و هاوکات ئێمە گرینگی بەوە دەدەین کە پەیوەندییەکانمان پەرە پێ بدەین.

ئێمە دەزانین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە مێژووی ٧٥ ساڵەی خۆیدا ئەزموونی ئەوەی هەیە کە پابەندە بەوەی کە هەموو مرۆڤەکان وەک یەک مافیان هەیە و باوەڕی بەوە هەیە کە کۆمەڵگایەک بنیات بنێت کە لەوێ لە سەرباوەڕ بە یەکسانیی مرۆڤەکان واتە یەکسانی، ئازادی و بەرابەری هەبێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە ئێمە سوسیال دێموکراتەکان وەک حیزبی دەستە خوشک بەردەوام دەبین لە پشتیوانیی ئێوە بۆ خەبات بۆ کوردستانێکی ئازاد و ئێرانێکی دێموکرات.

ئێمە ڕۆژانە دەخوێنینەوە کە ڕێژیمی ئێران چۆن بەردەوامە لە ئەزیەت و ئازار، زیندانیکردن و ئێعدام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئێمە سوسیال دێموکراتەکان بە توندی هێرشی ڕێژیمی ئیسلامی و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد مەحکوم دەکەین. ئێمە داوا دەکەین کە هێرشەکان بۆ سەر کورد و ئێعدامی زیندانییانی سیاسیی کورد خێرا کۆتایی پێ بێنن. ئێمە دەمانەوێت (اطمینان)تان پی بدەین کە ئێمە سوسیال دێموکراتەکان بە وردی چاوەدێریی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران دەکەین. ئێمە هەروەها بە نیگرانییەوە چاوەدێریی ئێران دەکەین کە چۆن لەو هەلومەرجەدا کەڵک وەردەگرێت و ئاڵوگۆڕەکان دەیقۆزێتەوە بۆ وڵاتانی عێراق، سووریە، لوبنان و نیمچە جەزیرەکانی عەرەبی و چۆن ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی داگیرکاری لە ناوچەکە هەم لە بواری سیاسی و ئابورییەوە خەڵکی ئێرانی تووشی قەیران کردووە. ئێمە سوسیال دێموکراتەکان پێمان وایە کە ئێران پێویستیی بە ڕێفۆرم هەیە و ئێمە بەردەوام لە پەیامەکانماندا لە ڕێگای پێوەندییەکانمانەدا لەگەڵ ئێراندا پێیان ڕادەگەیەنین و جەختیش لەوە دەکەینەوە هەم لە نێو وڵاتانی یەکگرتووی ئورووپا و هەمیش لە نێو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ئەو ڕێفۆرمە.

ئەمە خەباتێکی دژوارە و بۆ ئەوەی ئەم خەباتە سەرکەوێت پێویستیی بە یەکدەنگی و ستراتیژییەکی یەکگرتووی هەموو حیزبە کوردییەکانە کە خەبات دەکەن لە کوردستاندا. ئێمە سوسیال دێموکراتەکان ڕێز لە دەنگی خەڵکی کورد دەگرین بۆ مافی سەربەخۆیی. ئێمە هەم ڕێز و هەم  پشتیوانیی ئەو خەباتە دەکەین لەبەر ئەوەی ئەم خەباتە بۆ یەکسانیی هەموو مرۆڤەکانە کە بەیەکسان سەیری هەمووان دەکات.

ئاندرس ئوێستبێری

پارلمانتاری سوسیال دێموکرات و ئەندام لە کۆمیسیۆن بۆ کاروباری دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی سوئێد

کادیر کاسیرگا

 سەرۆکی شارەوانیی ستۆکهۆڵمی مەزن (ئۆپۆزیسیۆن)

توماس هاماربێری

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و (تەمەنی) ٧٥ ساڵەی خەباتی کورد بۆ دادپەرەوەری ساڵ دوای ساڵ بەردەوامە. هەردەمیش کوردەکان ڕووبەڕووی ترس و تۆقاندن و هێرشی سەربازی لە لایەن وڵاتانی دەسەڵاتدارەوە دەبنەوە. ڕێبەرانی کورد نەوە دوای نەوە تێرۆر دەکرێن و بەشێکیان بە ناچاری ڕوو لە ئاوارەیی دەکەن. سەرەڕای ئەو هەمووە نەهامەتییەی کە کورد تووشی بووە، بەڵام هیوا و ئۆمێد و خەباتەکەیان لەلایەن داگیرکەرانەوە نەتوانراوە تێک بشکێت.  ئەمە تەنیا چارەنووسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نییە. لە کۆتایی شەڕی جیهانیی دووهەمدا کە تاکوو ئێستا یەک دەوڵەتی کوردی دەمەزراوە، کە ئەویش لەلایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بووە.  ئەم دەوڵەتە پێشکەوتووە کە شاری مەهاباد پایتەختی بووە، تەنیا ماوەی یەک ساڵ دەوامی بووە کە لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە  تەواوی شێوەکانی هێز و مێتودی سەربازی بەکار هێنا و تێکڕووخا. هەموو سەرکردە سیاسییەکانی ئەم دەوڵەتە پێشکەوتووەی  کوردی لە پایتەختەکەیان بە ئاشکرا هەڵواسران و ئێعدام کران، ئەمەش بۆ چاوترسێنیی کورد بوو.

بەڵام ئەمڕۆ دوای ٧٥ ساڵ لە دامەزرانی ئەو دەوڵەتە، ئەوەتە ئێستا بووەتە هێما وسیمبۆلی گەلەکە و  هەردەم یادی دەکەنەوە. ئەوەی کە ئێمە دەیزانین کە سیاسەتی ئەو دەوڵەتە کوردییە، دەوڵەتێکی بە کردەوە دیموکراسی بوو، هەر بۆیە بە تەواوەتی تێکیان ڕووخاند.

کاتێک ئیمپراتۆری شا هەستی بە لەتبوونی وڵات کرد، ئەوجار دەرفەتی دەست بە کردنەوەی کۆمەڵگایەکی نوێی لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کردەوە. بەڵام خێرا دەسەڵاتدارانی ئاخوندی هەڵگەڕانەوە دژی بەڕێوەبەرانی خۆجێی ناوچە کوردنشینەکان و سەرلەنوێ ئازار و تۆقاندن دەستی پێ کردەوە. یەکێک لەو کەسانەی کە دەبوایا خۆی بشارێتەوە عەبدولڕەحمانی قاسملوو، کە لە ساڵی ١٩٧١ سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو. ناوبراو توانی لە چەند دەورەیەکدا (کات) بگەڕێتەوە ناوچە کوردییەکان، بەڵام ناچار بوو کە ماوەیەکی درێژ لە ئاوارەییدا، بەتایبەت لە چیکوسڵواکی (ئەو سەردەمە) و فەرانسەدا بژی.

قاسملوو چەند جار هاتە وڵاتی سوئێد و زۆر نزیکی حیزبی سوسیال دێموکرات بوو. بۆ ئێمە لە کۆمیتەی سوئێدی بۆ مافی کوردەکان، ناوبراو هەم وەک دۆست و هەمیش وەک سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش بوو. ناوبراو لە بەهاری ساڵی ١٩٨٩ بەشداریی لە کۆبوونەوەی سوسیالیست ئینتەرناسیوناڵ لە ستۆکهۆڵم کرد و هەر لەوێ بوو کە سەفەری بێ گەڕانەوەی بۆ ئەو کۆبوونەوە کرد لە ڤییەن، کۆبوونەوە و وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی ئێران.

تێرۆری ناوبراو و هاوڕێیانی عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و فازڵ ڕەسووڵ بێ گومان کردەوەیەکی کوشەندە و گران بوو بۆ کۆمەڵگای کورد بە گشتی و کێشەکەی. قاسملوو شەوی پێش  سەفەر لە ستۆکهۆڵمەوە ، لە ماڵەکەی مندا مێوان بوو لە سویربروینسگاتان(Surbrunnsgatan) بە مەبەستی باسکردنی وتووێژ لەگەڵ رژیمی ئێران.  ناوبراو  دەیهەویست ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و کێشەی کورد بە شێوەی ئاشتی سەرەڕای هەموو مەترسییەکان لەگەڵ ڕێژیمدا چارەسەر بکات. قاسملوو وتی ئێمە دەبێ تێبکۆشین کە پێشگیری لە شەڕ بکەین و ئەم مەسئولییەتەش لە ئەستۆی مندایە. ئاشتیخوازییەکەی ناوبراو بە خراپترین مێتۆد کە ئەویش تێرور بوو ڕووبەڕوو بوویەوە. ڕێبەرێکی ئاوا بێ وێنە  بێ گومان جێگایەکی خاڵی لە پاش خۆی بە جێ دێڵێت. ئێمە دەزانین دابڕانێکی چاوەڕواننەکراو بوو کە بووە هۆی کێشە. بەڵام ڕۆح و پەیامی قاسملوو ئیلهام بەخشە. هەر وەکوو یاد و بیرەوەریی کۆماری کوردستان لە مەهاباد.

 خەبات بۆ دادپەروەری بەردەوامە. هەر لەبەر ئەوەیە کە ئێمە دەزانین و ڕێزێکی قووڵمان بۆ کلتوور و مێنتالیتەی کورد هەیە. ئێمە کە ڕەگ و ڕیشەمان لە خاکی سوئێد دایە سپاسگوزارین کە ئێوە وڵاتی ئێمەتان هەڵبژاردووە و لە کاتێکدا کە ناچار بوون وڵات بەجێ بێڵن. ئێوە زۆر شتتان فێری ئێمە کردووە. (مەبەستی کورد بە گشتی و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە لەم وڵاتە).

سپاس

توماس هاماربێری

پارلمانتار لە سەر لیستی  سوسیال دێموکرات و دۆستی دێرینی دوکتور قاسملوو

سوئیس

حیزبی سۆسیال دێموكراتی سوئیس

لە حەفتا و پێنجەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێراندا، حیزبی سۆسیال دێموكراتی سوئیس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی حیزبی دەستەخوشکی خۆی، حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران(حدکا) دەکات. لەو دەرفەتەدا، جارێکی دیکەش، پشتیوانی و هاوپەیوەندیی خۆمان لە خەباتی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێناوی گەیشتن بە دێموکراسی، ئازادی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و بەرانبەریی جنسییەتی، کە ئەویش یەکێک لە داخوازییە بنەڕەتییە هاوبەشەکانمانە، دەردەبڕین.

هاودەردی قووڵی خۆمان سەبارەت بەو رەنج و میحنەتە، کە بەهۆی پێشێلکرانی سیتماتیک و بەردەوامی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتەوە، بەهۆی ئەو زووڵم و زۆر و سەرکوتەوە کە ڕێژیم بەڕێوەی دەبا، گەلی کورد و زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی ئێران لە نێویدا دەژین دەردەبڕین. زۆر بەداخین کە بە هۆی ئەو دەستەوەستانی و بێ کیفایەتییە کە ڕێژیم لە پەیوەندی لەگەڵ پاراستنی خەڵک لەبەرامبەر قەیرانی كرۆنادا لە خۆی نیشاندا، خەڵک هێندەی دیکەش لەگەڵ سەختی و دژواری بەرەوڕوون.

لە هەمووی گرینگتر بۆ ئێمە ئەو خەباتە دوور لە توندوتیژیە کە بۆ وەدستهێنانی مافی نەتەوایەتیی کوردەکان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموكراتیک و فیدڕاڵدا بەرێوە دەچێت. بە چاوێکی پڕ بایەخەوە دەڕوانینە پشتیوانیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران لە خەباتی گەلانی دیکەی ئێران بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوایەتییەکانیان.

جارێکی دیکە وەبیر دێنینەوە کە پێویستە ئەوان و باقی حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، وەک هاوپەیمانی ستڕاتیژیک لە خەبات بەدژی دیکتاتۆری و بۆ دامەزرانی ڕێژیمێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵ بە حیساب بێن. ڕێژیمێک کە لەوێدا ماف و داخوازەکانی نەتەوە جۆراوجۆرەکان و کۆڕ وکۆمەڵە سیاسییەکانی وڵات دابین کرابێت. بە ڕەسمی ناسین و قبووڵکردنی جۆراوجۆری و هەمەچەشنی، نەک هەر بە نیشانەی لاوازیی لەقەڵەم نادرێت، بەڵکوو بە نیشانەی بەهێزی و بە جەوهەری دێموکراسی و ئازادی دادەنرێت.

دڵسۆزتان

پیتەر هوگ

سکرتێری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئیس

٢٠ی جولای