کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی دوکتور "فرسەت سۆفی"

12:30 - 28 خەزەڵوەر 2720

دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی دوکتور "فرسەت سۆفی" پەیامی هاوخەمیی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

لەگەڵ سڵاو و ڕێزمان

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاک دوکتور "فرسەت سۆفی عەلی"، پارێزگاری هەولێرمان بەهۆی نەخۆشییەوە پێ گەیشت و بوو بەهۆی خەم و پەژارەی هەموو لایەکمان.

بەبۆنەی ئەم هەواڵە ناخۆشەوە سەرەخۆشی لە بەڕێزتان و سەرکردایەتیی پارتی دێموکراتی کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و بنەماڵەی نیشتمانپەروەری ئەم ڕۆڵە دڵسۆزەی گەلەکەمان دەکەین.

کاک فرسەت سۆفی، کەسایەتییەکی ئاکادێمی و سیاسی بوو و لە ماوەی کار و تێکۆشان و خزمەت بە ئامانجەکانی گەلی کورد  لە بواری زانستی، یەکێک لە مامۆستا پلەبەرزەکانی کوردستان بوو و هاوکات لە بواری یاسادانان و بەشداری لە پرۆسەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستانیشدا یەکێک لە سیما ناسراو و بەتواناکانی پارلمانی هەرێمی کوردستان بوو و لە دوایین ئەرکی ئیداری و خزمەتگوزاریشدا یەکێک لە کەسایەتییە خەمخۆرەکانی گەلەکەمان بوو.

کۆچی دوایی ئەم ڕۆڵە بەتوانا و بە بڕشتەی گەلەکەمان بۆ پارتی دێموکراتی کوردستان و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، خەسارێکی گەورە بوو.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران جارێکی دیکە لەگەڵ بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو دۆستان و هەڤاڵانی حیزبی و حکوومیی هاودەردی و سەرەخۆشی دەکات.

سڵاو لە گیانی پاکی فرسەت سۆفی عەلی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەدنەزیف قادری

٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی

١٨ی نۆڤامبری ٢٠٢٠ی زایینی