کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی کۆچی دوایی "بەهائەدین نووری"

13:10 - 12 سەرماوەز 2720

دەزگای پێوەندییە گشتییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرین و سیمای ناسراوی سیاسیی عێراق و کوردستان "بەهائەدین نووری" پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی هاودەردی و سەرەخۆشی

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ سێشەممە، هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز "بەهائەدین نووری"، تێکۆشەری دێرینی کورد و سیمای ناسراوی سیاسیی عێراق و کوردستان و داکۆکیکارێکی شێلیگری بزووتنەوەی ئازادیخوازیی و مافخوازیی گەلانی عێراق و سکرتێری پێشووی حیزبی شیوعیی عێراقمان لە تەمەنی ٩٣ ساڵێدا پێ گەیشت.

بەم بۆنەوە هاوخەمیمان لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرز و خەباتگێڕیان و هەڤاڵان و هاوسەنگەرانی ڕۆژه سەختەکانی خەباتی شار و شاخی ئەم کەسایەتییە تێکۆشەرە دەردەبڕین وهاودەردەی و سەرەخۆشییان لێ دەکەین.

کاک بەهائەدین نووری جگە لە هاوخەباتیی لەگەڵ حیزب و لایەنه سیاسییەکانی عێراق و کورد، پێوەندییەکی گەرموگوڕیشی لەگەڵ هێزە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ناوچەش هەبوو و یەکێک لە دۆستانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دۆستێکی دێرین و بەوەفای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕێبەرانی نەمر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و دوکتور سادق شەرەفکەندی و ڕێبەرانی حیزب بووە.

کاک بەهائەدین نووری لە ئاساییکردنەوەی  دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە کاتی ڕوودانی شەڕی دڵتەزێنی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستاندا بێوچان هەوڵی دڵسۆزانەی دەدا و پێوەندیی بەردەرامی لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە هەبوو کە بە خۆشییەوە بە هەوڵی دۆستان ئەو شەڕە کۆتایی پێهات.

کاک بەهائەدین نووری ساڵی ١٩٥٣ی زایینی لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی عێراق دەسبەسەر و زیندانی کرا و ساڵی ١٩٩٤یش بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی کوردستانی دامەزراند و لەو ڕێگەشەوە خزمەتی بە ئامانجەکانی گەلی کورد کرد.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سەرەخۆشی لە هەموو بنەماڵە و دۆستانی ئەم خەباتگێڕە نەمرە دەکەین.

ڕۆحی شاد بێ

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەدنەزیف قادری

١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی

ای دێسامبری ٢٠٢٠ی زایینی