کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی سەرەخۆشیی مەلا برایم مەجیدپوور بۆ بە کۆچی دوایی لوقمان مێهفەر

11:27 - 22 خاکەلێوه 2721

مەلا برایم مەجیدپوور کەسایەتیی سیاسی و نیشتمانپەروەر، بۆ کۆچی دوایی کاک لوقمان مێهفەر، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی ناوبراو کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئێمە ئی خواین و بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە.

بـەڕێـزان لێپرسراوی گشتی و ئـەنـدامـانی نـاوەنـدی سیاسی و پێشمەرگە و کادر و ئـەندام و لایەنگرانی حیزب و بنەماڵە و کەسوکاری بەڕێز شەهید لوقمان و سەرجەم گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەواڵی مەرگی دڵتەزێن و ناوەخت و نەخوازراوی هاوڕێی تێکۆشەر و دێرینم، بەڕێز کاک لوقمانی مێهفەر وەک بوومەلەرزەیەکی ڕووخێنەر ڕایوەشاندم و وەک گێژەڵووکەیەک، یان باشتر بڵێم گەردەلوولێک سەری لێ شێواندم. تاسام، حەبەسام، بەڵام مەرگ کەس پێشی بۆ نەگیراوە، تەنیا ڕێگاچارە سەبر و خۆڕاگرییە کە ئەوەش تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕانە.

سەبارەت بە کەسایەتی و لێوەشاوەیی و نەسرەوتوویی و ماندوونەناسیی شەهید لوقمان، باشترە لە قەندیل و قەڵاتی شا و کێلەشین پرسیار بکەتی. بۆ کار و تێکۆشانی ئەو لە دەشتی لاجان و پیران و مەنگوڕان و شنۆ داوا بکەیت بۆت بگێڕنەوە. نە زمان دەتوانێت بیڵێت و نە قەڵەمەکەی من دەتوانێت بینووسێت، بەڵام ئەوان بە چاوی خۆیان دیتوویانە و شایەتی بۆ سەداقەت و لێزانی و بوێری و لەخۆبردوییەکەی دەدەن.

دیسانیش لەگەڵ هەموو خەمخۆرانی شەریکم

ڕۆحت شاد برای هاوسەنگەرم

برای تازییەبارت مەلا برایمی مەجیدپوور