پێشمەرگەکانی شار لە جوانڕۆ سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی هاوخەمی و سەرەخۆشییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بە ناوی لابەری خەم و کەسەر
کاتێک کەسێک کۆچی دوایی دەکات، سەرەخۆشی تەنیا لە بنەماڵەی دەکرێت،
بەڵام کاتێک کەسایەتییەک کۆچی دوایی دەکات، سەرەخۆشی لە گەلەکەی دەکرێت.
خەڵکی بە ئەمەگی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری دەشتەبێڵی شنۆ و خەڵكی شنۆی ئازیەتبار!
بە داخ و کەسەرەوە هەواڵی دڵتەزێن و دڵهەژێنی شەهیدبوونی مامۆستای شۆڕش، مامۆستای بەرخۆدان، مامۆستای حەماسە و مامۆستای بەرەنگاری، هاوڕێمان شەهید کاک "لوقمان مێهفەر"، لە ناخ و کانگای دڵەوە تووشی کەسەر و ماتەمێکی بێسنووری کردین.
کاک "لوقمان مێهفەر" بەڕاستی هێما و هەوێنی پێکەوەژیان و تەبایی و سۆز و ئاشتی و تا کاتی مەرگ خولیای ئازادی بوو و سەلماندی کە مرۆڤی چاک و پاک و دڵساف و دڵگەورە و شۆڕشگێڕ لە دوای کۆچ و ڕۆیشتنی هەر هەتایی و هەرمان دەمێنێتەوە و قەت قەت لەبیر و یادەکان ناچێت.
بە کۆچی هاوڕێ "لوقمان" کوردستان تووشی کەسەر و ماتەمێکی قورس هات و لە ناخەوە بەم هەواڵە دڵتەزێنە بارێکی ئێجگار قورس نیشتە سەر شانی.
لە کانگای دڵەوە سەرەخۆشی لە گەلە ئەمەگناس و دڵسۆز و دڵسووتاوەکەمان دەکەین و سپاس و پێزانینێکی بێسنوور ئاراستەی هەڵویستی کوردانەیان دەکەین وهەرچەند کە بەڕاستی هیچ وشە و پێنووسێک ناتوانێت وڵامدەری هەستی هاوخەمیی ئێوەی بەڕێز بێت.
تەنیا ئەوە دەڵێین کە سپاس لە هەبوونی کوردانەتان.
ڕێبواری ڕێگای شەهیدانین
پێشمەرگەکانی شار لە جوانڕۆ