کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری بۆ ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

10:55 - 10 خاکەلێوه 2722

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان!

ئازادیخوازانی ئێران!

ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوەی ئەمساڵ ٧٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدرانی پێشەوا قازی محەممەد سەرۆککۆماری کوردستان و هاوڕێیانیدا تێدەپەڕێت. ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٣٠ی مارسی ١٩٤٧ی زایینی پێشەوا قازی محەممەد، سەیفی قازی و سەدری قازی لەلایەن حکومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی لە چوارچرای شاری مەهاباد لە سێدارە دران و بوونە سەرقافڵەی کاروانێک کە تا ئێستاش لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورددا هەر بەردەوامە.

پێشەوا قازی محەممەد لە بنەماڵەیەکی ئایینی و ڕۆشنبیری کورد پەروەردە بوو و بنەماڵەکەیان جێگەی ڕێزی خەڵکی ناوچەکە بوو. زانایی و پێگەیشتوویی قازی محەممەد بووە هۆی ئەوەی کە ببێتە جێگەی ڕێزی خەڵک و جێی باوەڕی "کۆمەڵەی ژێکاف" و ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە داوای لێ بکرێت ببێتە ئەندامی ژێکاف. قازی محەممەدی نەمر لە ماوەیەکی کورتدا لە مەیدانی سیاسەتیشدا خۆی نیشان دا، "کۆمەڵەی ژێکافـ"ـی لە ڕێکخراوێکی داخراودا کردە حیزبێک کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری خۆی تێدا ببیننەوە. پێشەوا حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند و ئەو حیزبە لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران ئەندامی لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆ کردەوە.

قازی محەممەد بوو بە پێشەوای حیزبی دێموکرات و لە ماوەیەکی کورتدا و لە هەنگاوێکی بوێرانەدا لەو دەرفەتەی کە بۆ کورد هەڵکەوتبوو، یەکەمین کۆماری کوردستانی تێدا دامەزراند کە لەو کات و سەردەمەدا ئەم هەنگاوە بڕیارێکی ئازایانە و بیرێکی بەهێزی نەتەوەیی و نیشتمانیی پێویست بوو کە پێشەوا و هاوڕێیانی بە لەخۆبوردوویی خەونی نەتەوەیەکی بندەست و بێ‌دەوڵەتیان وەدی هێنا. پێشەوا بوو بە سەرۆککۆماری کوردستان و کۆمار بوو بە جێگەی هیوا و ئومێدی خەڵکی کوردستان و نیشتمانپەروەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان کۆماریان بە قیبلەی هیوا و ئاواتەکانیان زانی و هەموویان لە دەوری ئاڵای کۆمار کۆ بوونەوە، کۆمار بوو بە ماڵی هەموو کوردێکی خاوەن هزر و بیری کوردایەتی و دامەزرێنەرانی کۆمار موژدەی قۆناغێکی دیکەی مێژووییان بە گەلی کورد دا.

پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ ئەوەی کە لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا پەروەردە ببوو بەڵام سیاسەتمەدارێکی هەڵکەوتووی ئەو قۆناغە بوو کە توانی کورد لە نائومێدی ڕزگار بکات، وێرای نەبوونی ئەزموونی دەوڵەتداری توانی دەوڵەتێک دابمەزرێنێت کە هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بە یەک چاو سەیر بکرێن، مافی هەموو کەمینە نەتەوەییەکانی ژێر دەسەڵاتی  کۆماری کوردستان دەستەبەر بکات و لەو کات و سەردەمەدا ژنان شانبەشانی پیاوان بێنێتە مەیدانی سیاسەت و یەکەمین ڕێکخراوی ژنان دابمەزرێنێت و ئەم هەنگاوەشی لەنێو بنەماڵەکەی خۆیەوە دەست ‌پێ کرد. پێشەوا لە ماوەیەکی کەمدا توانی زمانی کوردی بکاتە زمانی ڕەسمیی خوێندن و نووسین و چاپخانە و قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی پەرە پێ بدات. ئەگەرچی ئەم قۆناغە پڕ لە شانازییەی کورد مەوداکەی کورت بوو بەڵام دەسکەوتی گەلێک مەزنی بۆ گەلێکی مەزن بە دیاری هێنا و تا ئێستاش ئەم ڕێگە و ڕێبازە هەر لە برەو و پەرەسەندندایە.

دوای هێرشی لەشکریی حکومەتی ئێران بۆ سەر ئازەربایجان و کوردستان، پێشەوا قازی محەممەد بۆ پێشگیری لە خوێنڕژانی خەڵکی کوردستان خۆی کردە قەڵغان و ڕەوانەی بەندیخانەکانی حکومەتی سەرکوتکەری پاشایەتی کرا. پێشەوا وەک چۆن لە کاتی سەرۆککۆمارییدا ئازایانە کۆماری کوردستانی دامەزراند، هەروا بوێرانەش لە بەندیخانە و بێدادگاکانی حکومەتی پەهلەویدا دیفاعی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەی کرد و بە سەربەرزییەوە گیانی خۆی فیدای خەڵکی کورد و نیشتمانەکەی کرد.

حکومەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی وەک زۆر لە زاڵمانی دیکەی جیهان پێی وابوو بە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی دەتوانێت بیر و هزری مافخوازانەی گەلی کورد لەنێو بەرێت و خەڵک بێدەنگ و ملکەچی دەسەڵاتیان بکات. دوژمنانی کورد هەمیشە ئەو هەڵە گەوریان دووبارە و چەندبارە کردۆتەوە و ویستوویانە سەری کورد لێ بدەن بۆ ئەوەی خەڵکی کورد دەستەمۆ بکەن بەڵام مێژوو نیشانی‌ داوە کە بە کوشتن و تێرۆر و لە سێدراەدانی هەر ڕێبەرێکی کورد، کورد بە گوڕتر لە جاران خۆی ڕێک خستۆتەوە و هاتۆتەوە مەیدان و ڕێبەر و بلیمەتێکی‌ تر بۆتەوە پێشەنگی ئەم کاروانە.

دوای ٧٥ ساڵ بەسەر لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا، وەک دەبینین بیر و ئەندێشەی پێشەوا هەر لە برەو و بەرەپێشچووندایە، ڕۆڵەکانی گەلی کورد لەنێو حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستاندا لەگەڵ دوژمن مەیدانداری دەکەن و بست بە بستی خاکی کوردستان یادگار و مەزارگەی ڕۆڵەیەکی کوردە کە لە پێناو مافەکانی گەلەکەیدا تێکۆشاوە یان گیانی خۆی بەختی ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەی کردووە. ژنان و پیاوان، کوڕ و کچ شانبەشانی یەکتر چ لە ڕیزی پێشمەرگایەتیدا و چ لە نێوخۆی وڵاتدا لەژێر زەبروزەنگی داگیرکەردا خەریکی خەبات و بەرخۆدان و تێکۆشانن. بە لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی و زۆر تێکۆشەر و سەرکردەی دیکەی کورد، کورد نەک هەر نەبەزیوە بەڵکوو شێلگیرتر لە جاران لە مەیداندا ڕاوەستاوە و پێناسە و کەسایەتی و نیشتمانی خۆی پاراستووە و ڕۆژ بە ڕۆژ چرای خەباتی کورد درەوەشاوەتر دەبێت و ئەم کاروانە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت.

لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە و لە حەفتاوپێنجەمین ساڵوەگەڕی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانیدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پەیمان لەگەڵ ڕوحی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلی کورد نوێ دەکاتەوە و بەڵێن دەدات کە بۆ وەدیهێنانی ئامانجە بەرزەکانی کۆمار لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بێت و لە هەمان کاتدا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە هیوا و ئومێدەوە بۆ گەیشتن بە مافەکانمان و بەربەرەکانی لەگەڵ دوژمن شانبەشانی یەکتر و بێ جیاوازی بیر و بۆچوون وێڕای حیزبە تێکۆشەر و شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم خەباتە درێژە پێ بدەن و بە یەکیەتی و یەکگرتوویی بەرەو لووتکەی سەرکەوتن هەنگاو بنێن.

سڵاو لە ڕوحی پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل

مردن و نەمان بۆ دوژمنانی کورد و بە هیوای ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دامەزراندنی حکومەتێکی دێموکراتیک و فیدرال لە ئێراندا.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٩ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی

٢٩ی مارسی ٢٠٢٢ی زایینی