کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانان

11:51 - 17 خەرمانان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی دووەمین ساڵیادی تاوانەکانی ١٧ی خەرمانانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!

حیزب‌ و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان‌ و ئێران!

دوو ساڵ لەوەپێش و له وه‌ها ڕۆژێکدا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانیان له قه‌ڵای دێموکرات کرده ئامانجی مووشه‌که بالیستیکه‌کانی خۆی. له ئاکامی ئه‌و هێرشه‌ سامناکەدا وێڕای برینداربوونی ده‌یان که‌س له تێکۆشه‌رانی حیزبی دێموکرات که له‌نێوانیاندا ژماره‌یه‌ک ژن و منداڵ ده‌بینران، چواردە ‌که‌س له ئه‌ندامانی ڕێبه‌رایه‌تی و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان شه‌هید بوون. هەر لە ئاکامی ئه‌و مووشه‌کبارانه‌دا دوو مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش شه‌هید بوون. هەر لەو ڕۆژەدا سێ زیندانیی سیاسیی کۆمەڵە بە ناوەکانی "ڕامین حوسێن پەناهی، لوقمان مورادی ‌و زانیار مورادی" لەلایەن جەلادەکانی کۆماری ئیسلامی لە زیندان لەسێدارە دران.

کردەوەی تیرۆریستی‌ و سەرکوتی بیرجیاوازان لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا بابەتێکی نوێ‌ و نامۆ نییە‌ و لە ماوەی ٤ دەیەی دەسەڵاتی ڕەشی خۆی بەسەر ئێران‌ و کوردستاندا یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستن ‌و ڕەوایەتی پێدان بە دەسەڵاتی ڕێژیم بووە، هێرشی تێرۆریستی بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات‌ و لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسیی کورد لە ڕۆژێکدا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەر بە ئاراستەی ئەو سیاسەتە نامرۆڤانەیە ‌و بە ئامانجی چاوترساندنی خەڵکی کوردستان ‌و نیشاندانی هێزی سەربازیی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەنجام درا، بەڵام ئەوەی بەرپرسانی ڕێژیم چاوەڕوانییان نەدەکرد، دەنگی بەرینی ناڕەزایەتیی خەڵک لە کورستان بوو بەرامبەر بەم تاوانە.

بە دوای ئەو تاوانە تێرۆریستییە، لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ڕۆژی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧، مانگرتنێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندرا‌ و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بەدەم داوای حیزبەکانی خۆیانەوە هاتن‌ و بۆ جارێکی دیکە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامییان مەحکوم کرد.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە دووەمین ساڵیادی تاوانی ١٧ی خەرماناندا سڵاو دەنێرێت بۆ گیانی پاکی گیانبەختکردووانی ئەو ڕۆژە و هاوخەمیی خۆی لەگەڵ بنەماڵە‌ و هاوسەنگەرانی ئەو شەهیدانە دووپات دەکاتەوە. بۆ جارێکی دیکەش ئەو تاوانەی کۆماری ئیسلامی مەحکووم دەکەین ‌و پێزانینی خۆمان ئاراستەی خەڵکی وشیار‌ و خەباتکاری کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە هەمیشە خاوەندارێتیی ڕۆڵەکانی خۆیان کردووە‌ و دژی داگیرکاری و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی تێکۆشاون‌ و قوربانییان داوە.

جارێکی دیکە یادی شەهیدانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧‌و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی حەقخوازانەی خەڵکی کوردستان بەرز ڕادەگرین‌ و پەیمان تازە دەکەینەوە کە درێژەدەری ڕێگای پڕ لە شانازییان دەبین.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٦ی خەرمانانی ١٣٩٩ی هەتاوی

٦ی سێپتامبری ٢٠٢٠ی زایینی