کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی ساڵڕۆژی ئێعدامی ٥٩ لاوی مهابادی لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:22 - 12 جۆزەردان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٢ی جۆزەردان ساڵڕۆژی ئێعدامی ٥٩ لاوی مهابادی بە دەستی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لە ١٢ی جۆزەردانی ١٣٦٢ی هەتاویدا، ٥٩ لاوی شاری مهاباد لەلایەن ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئێعدام کران. ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە دوای ئەوەی وڵامی پەیامی ئاشتیخوازانەی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانیان بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد و هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان دایەوە، ڕووبەڕووی بەرەنگاریی خەڵک و هێزە سیاسییەکان و هەروەها ئیرادەی قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوونەوە. ئەوان کە بە خەیاڵ هیوا و هۆمێدیان لەسەر بەچوکداهێنانی بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان هەڵچنیبوو، لە بەرانبەر داخوازییە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و بەرەنگاری و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەدا دۆشداماو و سەرکز مانەوە. بۆیە بۆ قەرەبووکردنەوەی شکستەکانی خۆیان قین لەدڵانە پەلاماری خەڵکی بێ‌دیفاعی کوردستانیان دا و تەنیا لە یەک ڕۆژدا ٥٩ لاوی شاری مهابادیان بەبێ ئەوەی دادگایی بکرێن و هیچ تاوانێکیان لەسەر ساغ بووبێتەوە، ئێعدام کرد.

ڕەوتی گرتن، ئەشکەنجە، دادگاییکردن و لە کۆتاییدا سەپاندنی سزای قورس بەسەر تێکۆشەرانی کوردستان و لەسێدارەدانیان لە چوار دەیەی دەسەڵاتدارێتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لاپەڕەیەکی ڕەش و پڕ لە تاوان و جینایەتی ئەم ڕێژیمەیە. ڕەشەکوژیی زیندانییانی سیاسی تەنیا بە تاوانی کورد بوون، لە چەند بڕگەیەکی ئەم مێژووە ڕەشەدا دووبارە و چەند بارە بووەتەوە. سەپاندنی حوکمی قورس بەسەر زیندانییانی کورد و لەسێدارەدانیان، بەشێکە لەو شەڕە ناڕەوا و دژیگەلییەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان و مافە ڕەواکانی زیاتر لە چل ساڵە بەڕێوەی دەبات و تا ئێستاش درێژەی هەیە. بەشی زۆری زیندانییانی سیاسیی ئێران کە لە بەندیخانەکانی ئەم ڕێژیمەدا سزای قورس و ناڕەوای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە کوردن کە جیا لە مافخوازی هیچ تاوانێکی دیکەیان نییە.

ئامانج و مەبەستی ڕێژیم لە ئێعدامی ٥٩ لاوی مهابادی لە ١٢ی جۆزردانی ساڵی ١٣٦٢ و درێژەدان بەم ڕەفتار و سیاسەتە جینایەتکارانەی، چاوترسێنکردنی خەڵکی کوردستان و تێکشکاندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران بووە. بەڵام وەک تا ئێستا خەڵکی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی سەلماندوویانە، لەم پێوەندییەدا ئەوەی بۆ ڕێژیم ماوەتەوە کارنامەیەکی پڕ لە غەدر و جینایەتە و هیچی دیکە. چونکی خەباتی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان نەتەنیا بە لەسێدارەدانی لاوان و تێکۆشەرانی پەکی نەکەوتووە، بەڵکوو ڕۆژلەگەڵ رۆژ لە پەرەئەستاندندایە و ئێعدام و سێدارە بەلای خەڵکی کوردستانەوە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە ماهییەتی وجوودیی ئەم ڕێژیمە پێناسە دەکرێت. "کۆماری سێدارە"، ئەو تەعبیر و تاریفە بەجێ و چەسپاوە بوو کە هەر زوو خەڵکی کوردستان بۆ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان بەکار هێنا.

لە یاد و بیرەوەریی ٣٧ ساڵەی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ کەس لە لاوانی شۆڕشگێڕی شاری مهاباد‌دا، سڵاو دەنێرین بۆ یاد و ئامانجە بەرزەکانیان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩