کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری بەبۆنەی شەپۆلێکی نوێ لە دەسبەسەرکردنی خەڵکی کوردستان

09:39 - 24 خەزەڵوەر 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی دەسبەسەرکردن و گیرانی خەڵکی کوردستان لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان!

ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ!

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!

لە پەلامارێکی سەرکوتکەرانەی دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ سەر چالاکانی مەدەنی له کوردستان‌، به دەیان کەس دەسبەسەر و ڕاپێچی ناوەندە ئەمنییەتییەکان کران. لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوییەوە تا ئێستا ٢٨ کەس لە چالاکانی مەدەنی کە زۆربەیان چالاکی فەرهەنگی و ژینگەپارێزن لە شارەکانی بانە، مەریوان و سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای سنەوە دەسبەسەر و ڕاپێچی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە شاری سنە کراون.

ئەم شەپۆلە نوێیە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنی لە کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ ئاڵوگۆڕی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە ناوەندە ئەمنییەتییەکان و بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە دوای دەستبەکاربوونی دەوڵەتی ڕەئیسی، دەرخەر و سەلمێنەری دوژمنایەتیی لەبڕاننەهاتووی ئەم نیزامە لەگەڵ خاک و خەڵکی کوردستانە.

دەوڵەتی تازە خۆسەپێن کە لە ئێستادا بە دەیان قەیرانی چارەسەرنەکراوی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێوەندیدار بە ژیان و گوزەرانی خەڵکی وڵاتی لە ئەستۆیە و لە ئاستی نێونەتەوەیی‌ و ناوچەکەدا لە هەمیشە گۆشەگیرتره و لەگەڵ ڕق و بێزاریی پەنگخواردووی خەڵکی وڵات بەرەوڕوویە، بەم پەلامارەی بۆ سەر چالاکانی مەدەنی لە کوردستان، خەریکە هێزی خۆی بەرانبەر بە خەڵک تاقی دەکاتەوە. غافڵ لەوەیکە دەوڵەتانی پێش ئەو و ئەم ڕێژیمە لە تەواوییەتی خۆیدا زیاتر لە چل ساڵە هێزی سەرکوت و دوژمنایەتیی خۆیان لەسەر خەڵکی کوردستان تاقی دەکەنەوە و جیا لە پەرەسەندنی ڕق و بێزاریی خەڵک و لەسەر پێمانەوەی ئەم نەتەوە مافخوازه بەرهەمێکیان نەچنیوەتەوە.

پەلاماری هێزە سەرکوتکەرە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نیوەی دووەمی خەزەڵوەری ئەمساڵدا لە کاتێکدایە کە دادگایەکی نێونەتەوەیی لە وڵاتی بریتانیا وێڕای ئامادەبوونی سەدان شاهیت و قوربانیی دەستی چاڵە ڕەشەکانی ئەم ڕێژیمە، لێکۆڵینەوە لە جینایەتەکانی ڕێژیم دەرحەق بە خۆپیشاندەرانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی دەکات.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەم شەپۆلە لە ڕەشبگیریی چالاکانی مەدەنیی کوردستان، داوا لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ و هەروەها کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکات، بەرانبەر بەم سەرکوتکارییانەی ڕێژیم و چارەنووسی چالاکانی دەسبەسەرکراوی کورد بێ‌هەڵوێست نەبن. هەروەها لەم دەرفەتەدا وێڕای هیواخواستن بۆ بەرەوپێشچوونی کارەکانی دادگای نێونەتەوەیی لەندەن کە بە دادگای ئابان ناسراوە و دەرچوونی بڕیارێکی ئازایانە و دادپەروەرانە، ئاواتەخوازین لە وەها دادگایەکدا ڕاشکاوانە بڕیاردەرانی سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کوردستان دادگایی و بە سزای جینایەتەکانیان بگەن و لە بەرانبەر ئەم جینایەتانەی ڕێژیم بێ هەڵوێست نەبن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٠

١٤ی نوامبری ٢٠٢١