کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی هاوکاری لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی "قاسم سلێمانی" لە شاری سلێمانی

11:46 - 18 بەفرانبار 2721

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" لە شاری سلێمانیی کوردستانی باشوور، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

قاسم سلێمانی تێرۆریست، دژی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو

 پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی قاسم سلێمانی لە شاری سلێمانی

کۆنسولگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری سلێمانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی بەفرانبار (٦/١/٢٠٢٢) ڕێوڕەسمێکی بەبۆنەی یادی دوو ساڵەی کوژرانی پاسدار قاسم سلێمانی لە تەلاری هونەری ئەم شارەدا پێک‌ هێنا. لەم کۆڕەدا "هەڤال ئەبووبەکر" پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و پێشنیاری کرد کە ڕۆژی کوژرانی قاسم سلێمانی بکرێت بە "ڕۆژی جیهانیی ئاشتی و دیالۆگی گەردوونی". لە پێوەندی لەگەڵ ئەوەدا کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی هەرێمی کوردستان داوا دەکات ڕۆژی کوژرانی کەسێکی وەک قاسم سلێمانی بکرێت بە ڕۆژی ئاشتیی جیهانی و لەبەر ئەوەی پێشتریش چەند جاری دیکە و لە زمانی بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەڵوێستی لەو چەشنە بینراون، چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو:

پێش هەموو شتێک جووڵانەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوونی پێوەندیی سیاسی، دیپلۆماسی و بازرگانیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شتێکی ئاسایی دەزانێت و هیچ دژایەتییەکی لەگەڵ ئەو جۆرە پێوەندییانە نییە و نەشبووە. حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە خەمی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە بوون و بزووتنەوەی کورد لە ئێران بۆ پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم باج و تێچووی زۆر و قورسیشی داوە کە ئەمە هەست بە بەرپرسایەتیی سیاسی، نەتەوەیی و مێژوویی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەهەمبەر داهاتوو و چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکی دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکەڵاوییەکی مێژوویی و پێوەندییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی پتەو و دوورودرێژیان لەگەڵ یەکتر هەیە و ئەو پێوەندییە دیرۆکییە لەنێوان هێزە سیاسییەکانی ئەو دوو بەشە لە کوردستانیش هەر بەو شێوەیە بووە.

پێشمەرگە دێرینەکانەکانی هێزە سیاسییەکانی هەردووبەش دەزانن کە لە زۆر کات و بڕگەی مێژوویی و لەپێناو ئامانجی هاوبەشدا کوردوتەنی خوێنیشمان تێکەڵی یەکتر بووە، لە ڕۆژە ناخۆشەکانی مێژووشدا خەڵکی باشوور و ڕۆژهەڵات لەپشتی یەکتری بوون و ئەو هاوپێوەندی و هاوچارەنووسییە لە مێژووی نەتەوایەتیماندا ڕەگاژۆی کردووە.

لە پێوەندی لەگەڵ قاسم سلێمانی و دەورونەخشی ئەو کاربەدەستەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشدا دەڵێین:

ناوبراو فەرماندەیەکی سەربازیی ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بووە و ئەوە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانن کە دەبێ لەسەر جێگە و پێگەی ئەو بدوێن و قەزاوەت لەسەر ئاکار و کردەوەکانی بکەن، وەک چۆن ئێمەش ئەو ئیزنە بە خۆمان نادەین قەزاوەت لەسەر کاربەدەستێکی ئێستا و پێشووی عێراق بکەین، بەتایبەت هەرگیز ڕێگەش بە خۆمان نادەین پەسنی هیچ دەسەڵاتدارێک بدەین کە لە یەکێک لە بەشەکانی کوردستاندا دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بووبێت. جیا لەوە کارنامەی قاسم سلێمانی وەک فەرماندەی هێزەکانی قودس کە باڵی سەربازیی ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەم وڵاتەیە، بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. قاسم سلێمانی ڕووی لە هەرکوێ کردبێت، کوشتار، کارەسات، وێرانی و کاولکاریی لەگەڵ خۆی بردووە.

قەیرانە نێوخۆییەکانی سووریە، لوبنان، یەمەن و عێراق و ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاکامی ڕاستەوخۆی کاریگەری و حوزوور و سیاسەت و کردەوەکانی قاسم سلێمانین. هەروەها هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە نزیک شاری کۆیە لە قووڵایی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ (٨ی سێپتامبری ۲۰۱٨) کە لەودا ١٦ پێشمەرگە و کادری ڕێبەریی حیزبی دێموکرات شەهید بوون، لەگەڵ چەندین جار هەڕەشەی ئەمنییەتی لەسەر بارەگاکانی کۆمەڵە بەهۆی ئەوەی کە ئەو عەمەلیاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەکرا، دەبوا قاسم سلێمانی بڕیاری لەسەر دابا و فەرمانی ئەوی لەپشت بوو. هەروەها پێشتریش تێرۆری سەدان تێکۆشەری کوردی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خاکی هەرێمی کوردستاندا بە بڕیاری سپای قودس جێبەجێ کراون کە قاسم سلێمانی فەرماندەی گشتیی ئەو سپایە بوو. لەبیرمان نەچێت کە قاسم سلێمانی هەر بەپێی بەڵگە و داناننانی زۆر مێدیا و دامەزراوە و ئاشکراکردنی حیزبی سیاسی لە عێراق، ڕۆڵی فەرماندەیی و بڕیاردانی لە زۆر جووڵە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستانیشدا هەبووە. بۆیە هەرچەشنە پێداهەڵگوتن و ڕێزلێنانێکی کاربەدەستانی باشوور لە قاسم سلێمانی، دەستخۆشانەی هاوزمان و هاونەتەوەکانمانە بۆ ئەو خوێنانەی سلێمانی لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕشتوونی.

قاسم سلێمانی لە لیستی ڕەشی سزاکانی ئامریکا، یەکیەتیی ئورووپا و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو. کاتێکیش کە کوژرا لە ئامریکا بە دێموکرات و کۆماریخوازەوە و لە ئورووپاش کەس پرسیار و گومانی نەخستە سەر دروستیی ئەو بڕیارەی کۆشکی سپی کە بۆ لێدان لە ناوبراو دابووی.

ئێمە دەخوازین ئەو جۆرە کۆبوونەوە و لێدوانانەی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار نەکەنە سەر پێوەندیی کوردەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. بەدڵنیاییەوە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران حیسابی خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئەو جۆرە ڕوانگە و بۆچوونانەی ئەو بەشە لە کاربەدەستانی هەرێم و هێندێک لە سیاسییەکانی باشوور لێک جیا دەکاتەوە. بۆیە جارێکی دیکە پێ لەسەر ئەوە دادەگرینەوە: قاسم سلێمانی کاربەدەستێکی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە پلەکانی سەرکەوتنی بە جینایەت و کومەڵکوژی لە کوردستانڕا دەست پێ کردبوو و دواتریش سیاسەت و بڕیارەکانی ناوبراو کاریگەریی ڕاستەوخۆی زۆر کارەساتباری لەسەر ژیان و ئەمنییەتی خەڵکی ئێران هەبوو. بۆیە ئەوە خەڵکی ئێرانن کە دەبێ قەزاوەت لەسەر ناوبراو بکەن و هەروەک چۆن بینیمان کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە "شەهری کورد"ی (شهر کرد) پارێزگای "چوارمەحاڵ و بەختیاری" خەڵک پەیکەری قاسم سلێمانیان پاش چەند سەعات لە دانانی لە ناوەندی شاردا ئاگر دا.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە هەرێمی کوردستان هەموو کات ناوەندی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرخۆدان و سەرهەڵدان بووە و ئەم جۆرە ڕێوڕەسم و کۆڕ و کۆبوونەوانە پرسیار لەسەر پرسە گەورەکەی کورد دروست دەکات و لە هەمان کاتیشدا تۆوی ناهۆمێدی لە دڵی خەڵکی کوردستاندا دەچێنێت و خەڵکی کوردستان ئەمە بە جۆرێک بە پشتتێکردن لە ئارمانە نەتەوەییەکانی کورد لێک دەدەنەوە.

بەو هیوایەی کە لە داهاتوودا هەڵوێستی لەو چەشنە دووپات نەبێتەوە و هەست و بیری کوردانی ڕۆژهەڵات چی دیکە بریندار نەکرێت و تەنیا لەو حاڵەتەدایە کە هیچ شتێک ناتوانێت کەلێن بخاتە نێوان پێوەندیی نەتەوایەتیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

۱۷ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی