کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی چلەی ماتەمینی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان پەیامێکی بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە:
ئامادەبووانی بەڕێز
خوشک وبرایانی ئازیز
ئەمڕۆ چل ڕۆژ بەسەر ڕووداوی موشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەوروبەری شاری کۆیە ولەلایەن ڕێژیمی جینایەتکار و دژبەکوردی کۆماری ئیسلامی ئێران تێپەڕ دەبێ، کارەساتێک کە تێیدا ۱٤ ئەندامی رێبەری و کادر و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ۲ مامۆستای فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، شەهیدبوون و٤۰کەسی دیکەش بریندار بوون کە لە نێویاندا ژن وتەنانەت منداڵیش بەرچاو دەکەون.
ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە خەم وپەژارەیەکی لە ڕادەبەدەری خستە سەردڵ ودەروونی هەموو لایەک وهەموو لایەکیش هەڵوێستی خۆی بەرانبەربەم جینایەتە دەربڕی کە لە نێویاندا هەڵوێستی یەکگرتووانەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات وهاوسۆزی وهاودەردی و هاوکاری خەڵک وحیزب ولایەنەکانی باشووری کوردستان ونیشتمانپەروەرانی پارچەکانی دیکەی کوردستان وهەروەها کۆڕ و کۆمەڵەکانی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ جێی سەرنج وپێزانین بوو، بەتایبەت لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاری و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات، خەڵکی کوردستان، رۆژی ۲۱ی خەرمانان، لە مانگرتنێکی تێکڕایی لە سەرانسەری کوردستانی ئێراندا، وێڕای مەحکووم کردنی ئەو جینایەتە و لە سێدارەدانی سێ رۆڵەی نیشتمانپەروەری گەلەکەمان شەهیدان رامین حوسینپەناهی و لوقمان و زانیار مورادی، هاوسۆزی و بە دەنگەوەهاتنی خۆیان لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نیشان دا و پەیامیان بە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان دا کە یەکگرتوویی ئەوان هۆی یەکدەنگی وهاوهەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە ولە هەمان کاتدا پەیامیان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوە بوو کە بە دەنگی حیزب و ڕێکخراوەکانی خۆیانەوە دێن و ویست وداخوازی ئەوان هی هەموو خەڵکی کوردستانە؛ لەلایەکی دیکەوە نیشانی دا کە بزووتنەوەی کوردستان چەندە بەهێزە و لە ڕەوتی خەبات لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێراندا چەندە پێداگرو شوێندانەرە.
ئێمە وەک ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێرای یادکردنەوە لە شەهیدانی ۱۷ی خەرمانان و مەحکووم کردنی ئەو کردەوە جینایەتکارانەی ڕێژیم، داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وهەموو ناوەندەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و دادپەروەری وبیروڕای گشتی دەکەین لە هەر ڕێگایەکی مومکینەوە بەر بە سەرشێتی وهەوسارپچڕاوی وسەرەڕۆیی کۆماری ئیسلامی ئێران بگرن و ڕێگا نەدەن ڕۆڵەکانی کورد لە شێوەی جۆراوجۆردا گیانیان لێ بستێندرێ.
سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی ۱۷ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاوی
یاد و ناویان بەرز و بەڕێز
ڕێگای خەباتیان پڕڕێبوار
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
۲٥ ی ڕەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی