ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە ئەم ناوەندە هەوڵ دەدات بە تەبایی و یەکدەنگیی هەرچی زیاتری نێوان هێزە کوردییەکان، ئاواتی پیرۆزی پێشەوا ''قازی محەممەد'' و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ئامانج بگەیەنێت و ڕزگاری و ئازادی بۆ گەلی کورد وەدی بهێنێت.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵوەگەڕی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی
کۆمەڵانی خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ئەمڕۆ ١٠ی خاکەلێوە، ٧٤ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی پێشەوا ''قازی محەممەد'' سەرکۆمار و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، ''ئەبولقاسمی سەدری قازی و محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی'' تێدەپەڕێت.
٧٤ ساڵ لەمەوبەر پێشەوا و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای مەهەباد لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کوردستان و گەلی کورد و کوردستان بەخت کرد.
بڕیاری لەسێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی لە دادگایەکی سەربازیی ناجوامێرانە و نادادپەروەرانەدا لە ڕێکەوتی ٣ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٥ دەر کرا و بەداخەوە ئەم بڕیارە و شەهیدکردنی پێشەوا کۆسپێکی گەورەی خستە بەردەم ڕەوتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەکانی کورد بە مەبەستی گەیشتن بە ئامانجی ڕزگاریی نەتەوەیی و لەبارچوونی کۆماری پیرۆزی کوردستان.
دیارە ڕێژیمی دیکتاتۆری پەهلەوی بە باشی دەور و نەخشی پێشەوا و هاوڕێیانی لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا هەست پێ کردبوو و بە مەبەستی لەبەینبردنی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کە ئەوکات لە کوردستان و هاوکات لە ئازەربایجانیش لە گۆڕێ بوو دەستی دایە هێرش بۆ سەر هەر دووک بەشەکە و بەداخەوە و لە ڕێگای بەرگری لە نەتەوەکەمان پێشەوا و هاوڕێیانی گیانی خۆیان کردە قوربانی ئەم ڕێگە پیرۆزە.
دروستبوونی کۆماری کوردستان لە کات و ساتێکدا بوو کە بەهۆی شەڕی دووەمی جیهانی بۆشاییەکی گەورە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئێران پێک هاتبوو و لە هەمان کاتیشدا هەستی نەتەوایەتی لەو سەردەمەدا بە باشی گەشەی کردبوو کە دەوری کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد (کۆمەڵەی ژ.ک) نابێ و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت.
پێشەوا و شۆڕشگێڕانی ئەوکاتی کورد بە لێکدانەوەیەکی دەقیق و قۆستنەوەی هەلی گونجاوی ئەو سەردەمە، کۆماریان ڕاگەیاند و لە ماوەیەکی کەمدا توانییان پشتیوانیی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان بەدەست بێنن و تەنانەت پشتیوانی ڕێبەر و کاریزمای ناسراوی کوردستانی باشوور مەلا ''مستەفای بارزانیـ''ـشیان بەرەو کۆماری کوردستان ڕاکێشا.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان ئێران دووپات و چەندپاتی دەکاتەوە کە درێژەدەری ڕێگای پیرۆزی پێشەوا ''قازی محەممەد'' و هاوڕێیانی و هەموو شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە و ئەزموونە بەنرخەکانی وەک چرای ڕێنوێنی بزووتنەوەکەمان دەبینێت و کەڵکی لێوەردەگرێت، هەوڵ دەدات بە تەبایی و یەکدەنگیی هەرچی زیاتری نێوان هێزە کوردییەکان، ئاواتی پیرۆزی پێشەوا ''قازی محەممەد'' و هەموو شەهیدانی کوردستان بە ئامانج بگەیەنێت و ڕزگاری و ئازادی بۆ گەلی کورد وەدی بهێنێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی