بە بۆنەی هاتنی نەورۆزی ٢٧٢٢ی کوردی، یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتییەکانی لاوان و ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
لە لووتکەی چیا، بە گڕی پیرۆز مژدەی سەربەستی دا بە گەل، نەورۆز
نەتەوەی خۆڕاگر و تێکۆشەری کورد!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
زیندانییانی سیاسیی کورد!
وەک دەزانین، نەورۆز ئەو جێژنە دێرینەیە کە چیرۆکی ڕەسەنبوونی کورد لەسەر خاکی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەم بۆنەیە بەس جێژنێک نییە کە پێوەندیی بە سروشتەوە هەبێت، بەڵکوو یەکێک لە کۆڵەکەکانی شوناسی نەتەوەی کوردە و ئەم نەتەوەیە کە زیاتر لە هەر نەتەوەیەکی سەر گۆی زەوی خاوەن ڕەسەنایەتی و مێژووی دێرینی خۆیەتی، بە پیرۆزڕاگرتنی نەورۆز وەکوو ڕۆژی نوێبوونەوەی سروشت، ڕەسەنبوونی خۆی لە ناوچەکە زیاتر دەسەلمێنێت.
پیرۆزڕاگرتنی نەورۆز وەکوو زیندووبوونەوە و نوێبوونەوەی سروشت نابێ بەس لە ڕوانگەیەکی ڕووتی مێژووییەوە سەیر بکرێت، بەڵکوو ئەم بۆنەیە کە هەزاران ساڵە لە کوردستان چەندپاتە دەکرێتەوە، گۆشەیەک لە خۆشەویستی و گرینگیی خاک و نیشتمان لەلای کوردە، کە سەدان ساڵە باشترین ڕۆڵەکانی لە پێناو ئەم خۆشەویستییە پێشکەش بە بارەگای ئازادی کردووە، کەواتە نەورۆز کە خاڵی گرێدەری هەست و خۆشەویستیی تاکی کوردە بە خاکەکەی، دەبێ ئەو ڕاستییەمان وەبیر بێنێتەوە کە هەنووکە ئەم خاکە لەژێر پۆستاڵی چوار داگیرکەری سوێندخواردووی عەرەب و تورک و فارسدا دەناڵێنێت و چاوەڕوانی ورە و هەڵمەتی ئازایانەی ڕۆڵەکانیەتی کە لە دەست ئەم دوژمنانە ڕزگاری بکەن، بۆیە لەم کات و ساتە هەستیارەدا دەبێ لە هەموو کاتێک زیاتر، نەورۆز بکەینە سەرچاوەیەک بۆ ژیانێکی نوێی سەربەرزانە و سەربەستانەمان و بە یەکیەتی و یەکگرتووییمان پاشەکشە بە داگیرکەرانێک بکەین کە سەدان ساڵە کورد دەچەوسێننەوە و پەلاماری دەدەن.
نەورۆز کە بە هەموو پێوەرێکی مێژوویی سەلمێندراوە کە ئاخێزگەکەی کوردستان و چیا سەرکەشەکانی زاگرۆسە، پوتانسیەلی ئەوەی تێدایە کە هێمایەک بێت بۆ بەرخۆدان و شۆڕشێک کە ئاکامەکەی ڕاونانی دوژمنان و ڕزگاریی یەکجاریی کوردستان بێت.
بۆیە وەکوو یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتییەکانی ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی جێژنی ڕەسەنی نەورۆزی ٢٧٢٢ی کوردی لە هەموو خەڵکی کوردستان، داوا لە سەرجەم نەتەوەی کورد و بەتایبەت خوێندکاران، ژنان و لاوانی نیشتمانپەروەر دەکەین کە ئەم دەسپێکە نوێیە بکەنە بیانوویەک بۆ خەبات و تێکۆشانی زیاتر لەهەمبەر داگیرکەرانی کوردستان بەگشتی و حکوومەتی دواکەوتووی ئاخوندیی ئێران بەتایبەتی کە دوژمنی سەرەکیی نەتەوەی کورد و سەرچاوەی هەموو پیلان و ئاژاوەیەک لە ناوچەکە و لە کوردستانە.
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی کورد
بڕووخێت زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی کوردستان
یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٩ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی