کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوبەشی یەکیەتییەکانی خوێندکاران، ژنان و لاوانی دێموکرات بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

11:38 - 2 رێبەندان 2721

بەبۆنەی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەرزانی کۆماری کوردستان یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، یەکیەتی ژنانی و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیآمێکی هاوبەشیان بڵاو کردوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

هاوڕێیانی هێژا!

کادر و پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی حیزبی دێموکرات!

خەڵکی نیشتمانپەروەری کورد!

٧٦ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٢ی ڕێبەندا، و بە هەوڵ و خۆبەخشیی ڕوناکبیرانی ئەوکات، یەکەم کۆماری کوردستان، لە سەر دەستی پێشەوای کوردان و بە ناوەندی "مەهاباد" دامەزرا. ئاڵوگۆڕە پەیتا پەیتا و یەک لە دوای یەکەکانی جیهانی، ناوچەیی و ئێرانی، هەل و دەرفەتێکی لەباری ڕەخساند تا دوای پاشەکشەی دەوڵەتی داپڵۆسێنەری ناوەندخواز و چەک کردن و ڕاماڵینی هێزە چەکدارەکەی پەهلەوی کۆمارێک دابمەزرێ کە نەک هەڕ نموونەی لە ئێران، بگرە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لە ئاسیادا نەبوو و بوو بە ترووسکی هیوای ناو تاریکستانی چەندین سەدەی ئەم دەڤەرە.

کارنامەی ١١ مانگەی کۆماری کوردستان، ئەوەندە زیڕین و پڕ لە شانازییە کە نەیارانیش ناتوانن نکۆڵی‌ لێ‌بکەن و وەک خاڵی وەرچەرخانێکی ئەرێنی چاویان لێ‌دەکرێ و دەسکەوتەکانی بوونەتە دەسکەوتی نەتەوەیی بۆ هەرچوار پارچەی کوردستان.

بۆیە  خاڵێکی وەرچەرخانە:

ـ چونکە ئەم قۆناغە مێژوویییە ئەزموون و کۆنکرێتێک لە خەباتەکانی پێش خۆیەتی، یان بە واتایەکی دیکە ڕێبەرانی کۆماری کوردستان بناغەی خەبات و تێکۆشانیان لەسەر ڕەتکردنەوە و نکۆڵیکردنی خەباتەکانی پێش خۆیان دانەنا.

ـ خاڵی وەرچەرخانە، چونکە بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و سەردەمیانە هاتە نێو گۆڕەپانی خەباتی کوردەوە و بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو کەموکۆڕی و کارە نەکراوانەی پێش خۆی، لە ڕاستای ڕزگاری و سەربەستیی کورد هەنگاوی هەڵگرت.

ـ خاڵی وەرچەرخانە، لەبەرئەوەی کە بە شێوەی فەرمی و نێودەوڵەتی هاوار و ویستی کوردی بە گوێی وڵاتانی دەرەوە و هەروەها دوژمنانی کورد گەیاند.

ـ یەکەم هەڵویستی کوردە، کە لە حاڵەتی کلاسیک و خەباتی تاکڕەهەندیی چەکدارییەوە هاتە دەرەوە و وێڕای هەبوون و چێکردنی هێزێکی چەکدار بە ناوی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سەرەوەریی نەتەوەی کورد، سەرجەم ڕەهەندەکانی دیکەی خەباتی هێنا ئاراوە و پشتگوێی نەخستن.

ـ کە دەڵێن خاڵی وەرچەرخانە، بە هۆی ئەوەیە کە کورد پاش دابڕانێکی تاڵ لە دەسەڵاتداریەتی و دووربوون لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی، بووە خاوەن قەوارەیەکی سیاسیی لە ناوچەکە و لە ژێر ئەم قەوارە سیاسیدا ئیدی منداڵانی کورد بە زمانی دایکیی خۆیان پەروەردە دەکران.

ـ بۆ یەکەمجار، شار لە ژێر چاوەدێریی پاسەوان و پارێزەری کورددا ئارامیی بە خۆیەوە دەبینی، چیدی تاکی کورد دڵەڕاوکێی ئەوەی نەبوو کە ئەمنییەی داپڵۆسێنەر پەلاماری ماڵەکەی دەدات و سووکایەتی پێ دەکات، یەکەمجار بوو پاش ساڵانێکی دوور کەرامەت و شەرافەتی کورد وەکوو تاکێکی خاوەن ماف پارێزراو بوو.

ـ یەکەمجار بوو ، بەندیخانە و گرتنگەیەک بەناوی بەندیخانەی سیاسی و بەندکراوێک بەناوی بەندکراوی سیاسی لە کوردستاندا باوی نەما، زۆر جێی سەرنجە لە ناوچەکە و لە وڵاتانی دەوروبەر کە دەیان و سەدان بەندیخانەیان بۆ ڕاگرتنی ناڕازییانی سیاسی و تاوانبارە جۆراوجۆرەکان هەبوو، لە ژێر سێبەری قەوارەیەک بەناوی کۆماری کوردستان ئەم چەمکە نامۆ و غەریب بێت.

ئەگەر باسی بەرهەم و دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان بکرێت، ڕەنگە دەیان وتار و کتێب لە خۆ بگرن، بەڵام ئەوەی کە زۆر جێی سەرنجە و دەبێت هەموو تاکێکی کورد شانازی پێوە بکات، ئەوەیە کە کۆماری کوردستان لە تەمەنێکی زۆر کورتدا توانی هێز و پتانسیلەکانی کوردستان، لە شاعێر و نووسەرەوە بگرە هەتا سیاسی و سەرخێڵ و سەرۆک هۆزەوە لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و کارێکی وەها بکات کە وزە و تواناییەکانیان لە خزمەتی بەرژەوەندیی نیشتماندا بێت.

جیا لەو سەردێڕانەی کە باس کرا، گەورەیی کۆماری کوردستان لەوەدایە کە زلهێزێکی وەکوو یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆی و دەسەڵاتی پالەوی بۆ دەبازبوونی لە ناسەقامگیریی سیایی خۆیدا، بکەونە مامەڵەکردن و دیواری بەرژەوەندییەکانیان لەسەر نەمانی وەها قەوارەیەکی سیاسیی ساوا دانێن.

ـ کۆماری کوردستان گەورەیە چونکە ڕێبازەکەی زیندووە!

ـ کۆماری کوردستان دووپات دەبێتەوە، چونکە لاوی کورد سینگی خۆی دەکاتە قەڵغانی خاکەکەی.

ـ کۆماری کوردستان قەت لە بیر ناکرێت هەتا کورد مابێت و کۆرپەیەکی کورد بە وشەی کوردی بانگ بە گوێیدا بدرێت.

کۆماری کوردستان لە پاش خۆی سەرمایەیەکی گەورەی مەعنەوی و ئینسانی و کلتورێکی دەوڵەمەندی خەباتی نەتەوەیی -دێموکڕاتیک بەجی هێشتووە کە دەتوانین ئاماژە بە کاریگەری بیرۆکەی کاری ڕێکخراوەیی بکەین.

جگە لە ڕێکخراوەکانی ئەو سەردەمە کە لە کۆمار‌دا لە دایک بوون و هەروەها بەپێی هەل و مەرجی تایبەت ڕێکخراوی دیکە دامەزراون کە لە ئێستادا هەر لە کار و چالاکی سنفی خۆیان بەردەوامن و توانیویانە لەسەر زۆربەی پرسەکانی پەیوەندیدار بە توێژی خۆیان شوێندانەر بن.

جارێکی دیکە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی پێشەوای نەمر قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی کوردستان و سەرجەم ئافڕێنەرانی مێژووی کورد.

بەرز و پیرۆز بێت ٢ی ڕێبەندان، ٧٦ مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان

یەکیەتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
یەکیەتی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی