بۆ کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" تێکۆشەر و پێشمەرگەیەکی دێرین "م. س" لە نێوخۆی وڵات پەیامی هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات ناردوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی هاوخەمیی تێکۆشەر و پێشمەرگەیەکی دێرین "م. س" لە نێوخۆی وڵات سەبارەت بە کۆچی دوایی هاورێی شەهید "کاک لوقمان مێهفەر"
هاورێیانی تێکۆشەرم
بنەماڵەی سەربەرزی "مێهفەر"، خوشکە خەدیجه
بەداخ و کەسەرێکی گرانەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەواڵی دڵتەزێن و تاسێنەری کۆچی دوایی هاورێ و دۆستی دێرینم، پێشمەرگە و فەرماندەی ڕۆژانی سەختی خەبات کاک لوقمان مێهفەرم پێگەیشت و لە دڵەوە خەمباری کردم.
کاک لوقمانی شەهید کۆمەڵێک خسڵەتی بەرزی شۆڕشگێڕانەی هەبوون کە دەکرا پێی لە کەسانی تر جیا بکەیتەوە، یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی، ئیرادەبەرزی لە مەیدانی خەبات و وەفاداربوون بە هاورێ و هاوسەنگەرانی بوو.
بۆ من وەک پێشمەرگەیەکی دێرین کە بە شانازیی چەندین ساڵ خەبات و تێکۆشانم لە ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات و هاوسەنگەر بوون، لەگەڵ تێکۆشەرێکی ماندوویی نەناسی وەک شەهید لوقمان مێهفەر هەبووە، لەدەستدانی بە خەسارێکی گەورە بۆ ڕێبازی دێموکرات و کۆڕی پڕ لە وەفاداری هاورێ و هاوسەنگەرانی دەزانم، بەڵام دڵنیام لاوانی تینووی ئازادیی کوردستان و هاورێ و هاوسەنگەرانی ناهێڵن سەنگەری چۆڵ بێت و ئاڵای خەبات بۆ گەیشتن بە ئازادی بە شەکاوەیی ڕادەگرن .
سەبارەت بە ئەو کۆستە گرانە وێڕای هاوخەمیم لەگەڵ حیزبە تێکۆشەرەکەمان و بنەماڵەی سەربەرزی هاورێی شەهیدم شەهید " لوقمان مێهفەر"، بەڵێنیی هەتا سەر وەفادار بوون بە ڕێبازی دێموکرات نوێ دەکەمەوە.
یادی شەهیدانمان بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگایان پڕ ڕێبوار
پێشمەرگەی دێرین "م. س" شنۆ .