کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی مامۆستا "حەسەن شێوەسەڵی"

12:13 - 23 خاکەلێوه 2721

سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر"، مامۆستا "حەسەن شێوەسەڵی" پەیامی هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

"زیرکی را گفتم این احوال بین خندید و گفت؛ صاحب کاری بوالعجب روزی پریشان عالمی"، ئەوە چەندەمین جارە لە کارەساتە زۆر تاڵەکاندا هۆنراوە پڕ لە برک و ژانەکەی حافیزی شیرازی موناسبی حاڵی خۆم دەبینمەوە.

لەوەتا هەواڵی گیرۆدەبوونی کاک "لوقمانـ"ـم بە ناسازییەکەی و بەرەنگاری و دەست و پەنجە نەرمکردنی ئەو کەسایەتییە خۆڕاگر و خاوەن باوەڕە لەگەڵ نەخۆشییەکەییم بە گوێ گەیشتبوو هەتا دوو ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ کاک قادر مێهفەر لە پێوەندی یبەردەوامدا بووم. دو ڕۆژ بوو خامووشێکی نائاسایی لە پێوەندییەکماندا پێک هاتبوو منیش لە ترسی وەرگرتنەوەی هەواڵی ناخۆش زاتم نەبوو پێوەندی لەگەڵ کاک قادر یان بنەماڵەکەی بگرم.

هەتا سەرئەنجام ئەوەی بە دڵەکوتکە و وەحشەت و ترسەوە چاوەڕوانیم دەکرد چەندین سەعات بوو لە میدیاکان وەک هەواڵێکی سارد و دڵتەزێن بڵاو ببۆوە، بەداخەوە ئیمەش وەک هەوسەنگەران و نیزیکان و بنەماڵەی بەڕیزیان بە ناچاری تەسلیمی حەقیقەتی تاڵی کۆچی دوایی کاک "لوقمان" بووین.

باسکردن لە ژیانی کاک "لوقمان" کارێکی سەخت و دژوارە و لە هەر گۆشەیەکەوە ئاماژەی پێ بکەین و چاو لە ژیانی کاک "لوقمان" بخشێنین، تووشی ئەوەندە ڕووداو و چیرۆکی جۆراوجۆر و ڕەنگاوڕەنگ دەبین کە ئاوا بە ئاسانی ناگەینە کۆتاییەکەیان و ناتوانین ئەوە بە ئاسایی لێیان دەرباز بین.

گیانفیدایی و لەخۆبردوویی، هیلاکی و ئارەق ڕشتن، بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان و ڕاونانیان، پێشڕەوی و پاشەکشەی ژیرانە، حەماسە و خوێن، نەبەردی خوێناوی و سەرکەوتنی یەک لە دوای یەک، ئەو شانازییانە و دەیان شانازیی دیکەش بەشێکی زۆر کەمی شانازییەکانی کاک "لوقمان مێهفەر" پێک دێنن.

کاک "لوقمان" هەر لە سەرەتای لاوییەوە زیاتر لە چل ساڵ بوو بە هێزی پەنجەی بەهێزی و زمانە پاراوەکەی دیفاعی لە گەلە چەوساوەکەی خۆی دەکرد، وەک مافناسێک بە قەڵەمە بەتواناکەی خۆی لە هەموو مەیدانەکان، بەرەنگاری خوێنمژان و دژە کوردان بووە.

من دوای شۆڕشی ئیران لەگەڵ کاک "لوقمان" ئاشنا بووم، لەو کاتەیەوە لە زۆر جێگایان گەیشتووینەتەوە یەکتر و لە زۆر پردەبازان پەڕیوینەتەوە و لە زیاتر لە چل ساڵدا دوور و نزیک پێکەوە ڕێبواری ڕێگایەکی دوورودرێژ و پڕ هەوراز و لێژ بووین.

ئێستا کە سیسارگی پیری تەقدیر بە ئەوپەڕی بێ ڕووحمییەوە ئێمەی لێک دابڕیوە، لەدەستچوونی کاک "لوقمان" هەم وەکوو هاوسەنگەرێکی زۆر نزیکی خۆم و دڵسۆزی تێکڕای بنەماڵەم هەم وەکوو کەسایەتییەکی نیو ڕێبەری و مافناسێکی ماندوویینەناس لە هەموو پانتایی و مەیدانەکاندا بە زامێکی گەورە دەبینم. بەداخم کە هەر ئەوەندەمان لەدەست دێت کە هاوخەمی و هاوسۆزیی خۆم و بنەماڵەم ڕاستە و خۆ بە چالاکانی ناوەندی سیاسی و لە ڕێگای ئەوانەوە لە نووکەوە بە یەک یەکی ئەندامانی ڕێبەری و باقیی ئەندامان و هەوادارانی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهیدان و دۆستانی ئازادیخوازمان و بە تایبەتی بە بنەماڵەی داغ دیتوویان ڕابگەیەنم.

سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی بۆ هەمیشە خەوتووی گۆڕستانی بە کۆمەڵی نێو زوورکانەکانی دەشتی کۆیە و بەتایبەتی شەهیدانی لە پاڵ یەکتردا خەوتوو "مامۆستا مەلا عەبدوالڕحمانی ئازارچشتوو و هاوژینی بەڕێزیان، کاک ڕەسووڵی محەممەدزادە و کاک لووقمانـ"ـی تازە خەوتوی لەدەستچوومان.

 گەلی کورد سەر ساغ و خۆش و سەرکەوتوو بێت و بەیداخی سەرشانی کاک "لوقمان" و باقیی شەهیدانمان هەروا بەرز و شەکاوە بێت.

بنەماڵەی حەسەنی شێوەسەڵی

١٠ی ئاوریلی ٢٠٢١