کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی مستەفا هیجری سەبارەت بە کۆچی دوایی عەزیز محەممەد

16:47 - 11 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کۆچی دوایی عەزیز محەممەد، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی عێراق پەیامێکی هاوخەمیی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەکە:

پەیامی سەرەخۆشیی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی هاوڕێ عەزیز محەممەد


کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز محەممەد، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراق و گەورە پیاوی ناوداری بواری کوردایەتی، بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەی ئەو بەڕێزەیان دەناسی و شارەزای ڕابردووی دەیان ساڵەی خەبات و تێکۆشانی بێوچان و ماندوویی نەناسانەی بوون، خەبەری ڕووداوێکی تاڵ بوو.

بەکۆچی دوایی ئەو بەڕێزە، کورد بە گشتی خەباتکارێکی گەورەی ڕێگای ئاشتی و برایەتی خۆی لەدەست دا، یەکێک لەو خەباتکارانەی کە جێگایان زۆر بەئەستەم پڕ دەبێتەوە، بەڵام بۆ ئێمەی حیزبی دێموکرات بێجگە لەوە، خەساری لەدەستچوونی دۆست و خەمخۆرێکی دەیان ساڵەمان بوو کە لە پێکهێنانی پێوەندێیەکی قووڵ و بەردەوامی برایەتی نێوان حیزبی شیوعی و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەورێکی بەرچاوی هەبوو، پێوەندییەک کە تاکوو ئێستاش هەروا لە گەشە کردندایە.

بە بۆنەی ئەو خەسارە گەورەوە، سەرەخۆشی لە خۆمان، لە حیزبی شیوعیی کوردستان، ئەندامانی بنەماڵەی ئەو مامۆستا گەورەیە و هەموو دۆستان و هاوڕێیانی دەکەین و خۆمان لە پەژارەی لە دەستدانی‌دا بەشدار دەزانین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
مستەفا هیجری

١١ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی
١ی ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی