سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران پەیامی هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پەیامی هاوخەمیی سەبارەت بە کۆچی دوایی تێکۆشەری دێرینی گەلەکەمان کاک "لوقمان مێهفەر".
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
دۆستان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات!
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ۲۱ی خاکەلێوەی ١٤۰۰ی هەتاوی کاک "لوقمان مێهفەر" تێکۆشەری ناسراوی حیزبی دێموکرات بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا لە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان گیانی لەدەست دا و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوو.
شەهید "لوقمان" کەسایەتییەکی ناسراوی نێو ڕێزەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە لە سەرەتای مێرمنداڵییەوە سەرەڕای هەموو هەوراز و نشێوەکان تێکەڵ بە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان بوو و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی سیاسیی خۆی ئۆگری ڕێبازی پیرۆزی دێموکرات مایەوە و لە هەوڵدان بۆ خزمەتکردن بە ئامانجە ڕەواکانی گەلەکەمان نەوەستایەوە.
شەهید "لوقمان" لە کۆنگرەکانی ٩، ١١ و ١٢دا وەک ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، لە کۆنگرەکانی ١٠، ١٣، ١٤ و ١٥دا وەک ئەندامی ئەسڵیی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا، لە کۆنگرەی ١٦ی حیزبدا وەک ئەندامی ناوەندی سیاسیی هەڵبژێردرا و دوایین بەرپرسایەتیی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی بوو.
ئێمە ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەداخبوون لە کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە دڵسۆزەی نێو ڕیزەکانی خەباتی نەتەوایەتیی کورد و قوتابخانەی دێموکرات، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی داخداری کوچکردوو و هاوسەنگەرانی و هەموو خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکەین و خۆمان بە هەڵگری خەمی لەدەستدانی دەزانین.
کۆمیتەی هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە دێموکراتیکەکانی کوردستانی ئێران
٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ هەتاوی