کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کوردی زانستگەکانی ئێران

12:31 - 24 خاکەلێوه 2721

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کوردی زانستگەکانی ئێران بۆ کۆچی دوایی شەهید "لوقمان مێهفەر" پەیامێکی هاوخەمییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پێشمەرگە ڕاستەقینەکەی ڕاسان ماڵئاوا

هەواڵی شەهیدبوونی کاک لوقمان مێهفەر شاری خەمگین کرد و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و مافویستانەی خەڵکی کوردستانی تووشی خەسارێکی مەزن کرد.

پاش ڕاسان و دەسپێکی قۆناغی نوێی خەباتی گەلەکەمان کاک لوقمان وەک پێشمەرگەیەکی ڕێبەر و خۆنەویست و گەلخۆشەویست و لەو یەکەم کەسانە بوو کە بە کردەوە و باوەڕ بە هێزی لە بڕان نەهاتووی گەلەکەی و هیوا بە سەرکەوتن وەک شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینە دژ بە دۆخی چاوەڕوانی ڕاسایەوە بێ ترس لە گیانبازی لە شاخە سەرکەشەکانی زاگرۆسەوە پەیامی ڕاسان و ڕابوونەوەی بۆ شار هێنا.

کاک لوقمان خاوەن دەیان تایبەتمەندیی باشی سیاسی و کۆمەلایەتی بوو بەڵام سێ تایبەتمەندیی شۆڕشگێڕ بوون و خاکی و خەڵکی بوون و پێشمەرگە بوون و پێشمەرگە مانەوەی کردیان بە خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک و جێگەی هیوای نەتەوەی کۆلۆنیکراوی زاگرۆس.

هاوڕێیانی خۆشەویست!

کاک لوقمان نموونەی ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و بە ئیرادانەی خاراوی کورەی خەباتی گەلەکەمان بوو کە هەر کات پێوست بووایەت فیشەکی چەکەکەی بەسەر داگیرکەردا دادەباری و لە هەمان کاتدا ڕووناکبیر و مافناسێکی دەروەست بوو کە زانست و قەڵەمەکەی وەک مامۆستایەک کردبووە پشتوپەنای شۆڕش و خەباتی پێشمەرگانە و بە نووسین و لێکدانەوەکانی ورەی بە خەباتگێڕان دەدا و بە کردەوە پیشانی داین کە چلۆن مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەتوانێت لە ڕەفی پێشەوەی خەباتدا بێت و لە هەمان کاتیشدا ڕووناکبیر و  پشت و پەنای خەڵکە بەشخوراو و بندەستەکەی بێت.

هاوڕێی ڕێبەرمان کە تەنیا ئاواتی ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەکەی بوو زۆر سادقانە بۆ وەدیهاتنی ئامانجی شەهیدان تێکۆشا و تا دوایین ساتەکانی ژیانی لەم ڕێگە پیرۆزە لای نەدا و بە کردەوە بۆ وەدیهاتنی ئامانجی خۆی و خەڵکی وڵاتەکەمان تێکۆشا.

کاک لوقمانی سەرکردە و ڕێبەر پاش ئەوەی لە تەمەنی پانزە ساڵییەوە ڕەفی خەباتی هەڵبژارد، هەرچەند زۆر دەرفەتی بۆ وازهێنان و تێپەڕاندنی ژیانێکی ئاسوودە هەبوو بەڵام تا سەر وەفادار بە پەیمانەکەی مایەوە و پێشمەرگانە ژیا و پێشمەرگە مایەوە هەر بۆیە ئێمە وەک ڕێبوارانی ڕێگەی کاک لوقمان و سەرجەم شەهیدان و شۆڕشگێڕان هیچکات لە یادی ناکەین و وەک ئەستێرەیەکی پڕشەنگداری خەباتی نەتەوەکەمان هەردەم یادی بەرز ڕادەگرین و بەڵێن بە ڕۆحی شەهیدی نوێمان کاک لوقمان و سەرجەم شەهیدان و شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان دەدەین کە تا سەر درێژەدەری ڕێگەیان بین و کار و کردەوە و ئاکارە بەرزە شۆڕشگێڕانەکانیان بکەینە چرای ڕێگەی تێکۆشانمان.

هەر لەم ڕێگەوە سەرەخۆشی لە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و سەرجەم ڕاسانییان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی بەڕێزی شەهید دەکەین و خۆمان بە بەشداری پەژارە و ماتەمینییان دەزانین.

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانستگەکانی ئێران