کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار

17:09 - 22 خاکەلێوه 2721

سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار پەیامی هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

"شەهیدان چرای ڕێگای خەباتن"

بە داخ و کەسەرەوە بەرەبەیانی شەممە ۲۱ی خاکەلێوەی ۱٤۰۰ی هەتاوی، هەواڵی شەهیدبوونی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسی بەڕێز و پارێزەر "لوقمانی مێهفەر"مان، دوای مانگێک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی کۆرۆنا، پێگەیشت. ئەم هەواڵە ناخهەژێنە لەگەڵ خەم و پەژارەیەکی گەورەی ڕووبەڕوو کردین و بە هەموو وجوودەوە تاساندنی. ئێمە وەکوو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار و دەوروبەری، سەرخۆشی لە لێپرسراوی گشتیی حیزب، هاوڕێ و هاوسەنگەران، بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و بە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییە لە شەهیدی تازەمان کاک "لوقمان"، بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە درێژەدەری بێ‌ ئەملاوئەولای ڕێگایانین.

لە ساڵەکانی ۶۵ – ۶٤ بەملاوە هەموو شەوان وێڕای پۆلێک پێشمەرگەی چالاک هەر جارە و گوندێک لە گوندەکانی: بەربنە، لاجان، پیران، بەری مێرگان و نەڵێن بەرە و هەنگاوە قورس و قایمەکانیەوە دەهاتن و بۆنی کەڵاشینکۆفی شانیان دەکرد و لایەنگرانی بەوپەڕی خۆشەویستییەوە دەستەملانی خۆی و هاوسەنگەرانی دەبوون!

شەوێک، هەر ماڵە و کەسێکی ئاوایی لە وەتاغی کەیخودای دێ، کۆ بووینەوە و پێمان ڕاگەیەندرابوو کاک "لوقمان مێهفەر" قسەمان بۆ دەکات، لەپڕ چەند پێشمەرگەیەک وەژوور کەوتن، دوای چاک و چۆنی کاک "لوقمان" هەستایە سەر پێ:

"...بەڕێزان؛ حیزب لە خۆتانە...، پێشمەرگە جەرگی خۆتانە و ئێوە دەبێ لە هەر بوارێکەوە چاوتان بەسەریان وەبێ و وەک هەمیشە پشت و پەنایان بن... کە ئەمەش لە جێی خۆیدا پێشمەرگایەتییە...

پێتان دەڵێم بە دڵنیایی ڕۆژێک لە ڕۆژان کوردستان ئازاد دەبێ و گەلی کورد بە مافە ڕەواکانی خۆی دەگات. لەو ڕۆژ‌دا هێندێک لە شێرەژنان گوڵباران و... هێندێک لە کچ و کۆڕان زێڕوەشان دەکرێن... ئەمانە دایک یان هاوسەری شەهیدانن، کچ و کوڕەکانیش منداڵی شەهیدانن کە هەرگیز باوکی خۆیان نەدی و لە باوەشیاندا نەخەوتن و...".

دوای تێپەڕینی ۳٥ ساڵ بەسەر ئەم ئاخافتنەدا بە دڵنیاییەوە پێت دەڵێین کە پێشمەرگە ڕۆح و جەرگی ئێمەیە و بە ماڵ و بە گیان پشت و پەنای پێشمەرگە و ڕاسانین! بە باوەڕەوە دەڵێین ڕۆژی ڕزگاری زۆر نزیکە و ئەگەر بەڕێزیشت نەتدیت، بەڵام بەم زوانە هاوسەر و کوڕ و کچەکانت وێڕای هەموو ئەندامانی بنەماڵەی شەهیدان، لە کوردستانی ئازاددا گوڵباران و زێڕوەشان دەکرێن. ئارام بنوو چاوی چاومان! لەسەر عەرز و لەژێر گڵکۆ لەگەڵمانی..

لەلایەن: ئەندامان و لایەنگرانی حدکا (ناوچەی پیرانشار)