کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ (ژیلەمۆ)

17:53 - 24 خاکەلێوه 2721

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری شنۆ بۆ کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" پەیامی هاوخەمییان بۆ حیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەداخەوە ڕۆژی شەممە ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ هەواڵی شەهیدبوونی هاوڕێی تێکۆشەر و ئەندامی ڕێبەریی حیزبە تێکۆشەرەکەمان کاک لوقمان مێهفەرمان بیست و لە دڵەوە خەمباری کردین. کاک لوقمان بێجگە لەوەی پێشمەرگەیەکی دێرین و کادرێکی لێوەشاوەی حیزبەکەمان بوو، هاوڕێیەکی خۆشەویست و مامۆستایەکی دڵسۆز و پڕ لە وزەی تێکۆشان بۆ ئێمە بوو. هەر بۆیە لەدەستدانی ئەندامێکی بەوەجی ڕێبەریی حیزبەکەمان کە ماندوویی نەناسانە بۆ خزمەت بە نەتەوەکەی تێدەکۆشا بە خەسارێکی گەورە بۆ بزووتنەوەی گەلەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبینین.

لەدەستدانی تێکۆشەرانی حیزبەکەمان بۆ هەموومان بەژان و جەرگبڕن و لە ڕاستیدا شەهیدبوونی کاک لوقمان برینی ساڕێژنەبووی سەروان چەکۆی نەمری بۆ زیندوو کردینەوە، بەڵام وەک ڕێبەرانی شەهیدمان وتوویانە و بەتایبەت مامۆستای شەهیدمان کاک لوقمان لە کاتی شەهیدبوونی سەروان چەکۆی نەمردا کە ماتەمبار بووین پێی دەوتین، خەبات بەبێ قوربانیدان نابێت و دەبێ خۆڕاگر بین و ئیرادەمان نەشکێت لە کاتی تەنگانەدا و دەبێ بۆ دەربڕینی خۆشەویستیمان بۆ شەهیدان ڕێگایان بەر نەدەین و هەوڵ بدەین بۆ هێنانە دیی ئامانجەکانیان.

ئێمەش وەک بەشێک لە ئەندامانی داخداری حیزبەکەمان لە شاری شنۆ وێڕای بەداخبوونمان بۆ ئەو خەمە گەورەیە، بەڵێن دەدەین بە شەهیدانمان و بەتایبەت بە مامۆستای شەهیدمان کە وەک هەمیشە وەفادار دەبین بە ڕێبازەکەت و ڕێنوێنییەکانت دەکەینە چرای ڕێگای بەردەوانبوونمان لە خەبات.

هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و حیزبە تێکۆشەرەکەمان و بنەماڵەی خۆشەویستی مامۆستای شەهیدمان دەردەبڕین و شەریکی خەمیانین.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ (ژیلەمۆ)