کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوخەمیی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شنۆ (ژیوار)

18:14 - 24 خاکەلێوه 2721

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شنۆ (ژیوار)، سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر"، ئەندامی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پەیامێکدا پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەهید "لوقمان مێهفەر" کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئاگادار کراین کە هاوڕێی تێکۆشەر، خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی ناوەندی سیاسیی حیزبە خۆشەویستەکەمان، کاک "لوقمان مێهفەر"، دوای ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی لە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ی هەتاوی، بۆ هەمیشە ماڵاوایی لێ کردین و تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانی کوردستان بوو.

لەدەستدانی شەهید "لوقمان مێهفەر" بۆ بزووتنەوەی کورد بە گشتی خەسارێکی مەزن، بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران زامێکی بە ژان و بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات بە گشتی و شاری شنۆی لانکەی شۆڕش، کۆستێکی گران و بۆ ئێمەی هاوڕێ و هاوسەنگەری لەدەستدانی مامۆستایەکی شارەزا و ڕێ نیشاندەرێکی بەنرخ بوو، بۆ ئەوەی بتوانین لەژێر تیشکی سەرنج و تێبینییەکانیدا دڵسۆزانە خزمەت بە ئامانجە نەتەوایەتییەکانی حیزبەکەمان بکەین.

لێرەوە و لە ڕێگای ئەو پەیامە، دەمانهەوێت پەیمانی سۆز و وەفا لەگەڵ ڕێبەری دڵسۆز و مامۆستای ژیرمان، شەهید "لوقمان مێهفەر" و ڕێبازی حیزبی دێموکرات نوێ بکەینەوە کە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی نەتەوەکەمان، ڕێبواری ماندوویی‌نەناسی ئەو ڕێبازە دەبین و دڵنیاییش دەدەین کە شاری شنۆ وەک هەمیشە قوتابخانەی وانە دڵسۆزانە و شۆڕشگێڕییەکانی شەهید "لوقمان مێهفەر" دەمێنێتەوە و دەست لە خەبات هەڵناگرین.

سەرەخۆشی لە حیزبە خۆشەویستەکەمان و بنەماڵەی شۆڕشگێڕی مامۆستای شەهیدمان، شەهید "لوقمان مێهفەر" دەکەین و شەریکی خەمیانین.

ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری شنۆ (ژیوار)