مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" ئەندامی ئیفتخاریی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی شەهیدکرانی ٣ ژینگەپارێز لە پاوە پەیامێکی هاوخەمیی بڵاو کردەوە.
مامۆستا "حەسەن شیوەسەڵی" لەو پەیامەدا بڵاوی کردووەتەوە، بە داخ و کەسەرێکی گرانەوە ڕێبوارانی ڕێگا پیرۆزەکەی کاک "شەریف باجوەر" و هاوڕێیانی لە ئاگربەردانەکانی پاوە گیانیان فیدای نیشتمان کرد و ئەوان سەلماندیان که هەتا دوایین هەناسەیان لەسەر ڕێگاکەیان سوورن.
لەو پەیامەدا هاتووە، بەخشینی بەهادارترین سەرمایەی ژیان تەنیا لەو کەسانە دەوەشێتەوە کە دەتوانن دەرەقەتی ئەرکێکی وا گران و ئەستەم بێن.
مامۆستا "شیوەسەڵی" لەو پەیامەدا باسی لەوە کردووە، ئەوان قارەمانی نەبردی ئاور و ئینسانەکان بوون. بەداخەوە هەتا ڕێژیمی ئێران لەسەر کار بێت کوردستان بەردەوام بەرەو کاولکاری دەڕوات.
لەو پەیامەدا باس لەوە کراوە، کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دێوەزمەی مەرگ و نەمانن کە تەنیا بۆ مەرگ پەروەردە کراون.
مامۆستا "شیوەسەڵی" باسی لەوە کردووە، عاشقانی ڕاستەقینەی ژینگەی وڵاتی ئێمە کاک "یاسین کەریمی"، کاک "بیلال ئەمینی" و کاک "موختار خەندانی"، وەک هێژاترین دیاری ڕۆحی خۆیان پێشکەشی ژینگەی ئێمە کرد.
مامۆستا "شێوەسەڵی" لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی ژینگەی کرد و خۆی بە شەریکی خەمیان زانی.