بەشێک لە پزیشکان و کادری دەرمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕژی شەهیدبوونی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" پەیامێکیان بڵاو کردووەتەوە.
ناورۆکی ئەم پەیامە بەم چەشنەیە:
پەیامی کۆمەڵێک لە پزیشکان و کادری دەرمانیی ئەندامی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات سەبارەت بە ٢٢ی پووشپەڕ
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بە سەر شەهیدبوونی دوکتور "قاسملوو و هاوڕێیانی" خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاتر لەهەموو کاتێک لەژێر زەختی دیکتاتۆری و نەبوونی بچووکترین مافە سەرەتاییەکانی ژیان و هەروەها بێ لیاقەتی ڕێژیم لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی کۆرۆنادان.
ئێستا که خەڵکی ئێمە تووشی شەپۆلی پێنجەمی نەخۆشیی کۆرۆنا بوون و بەپێچەوانەی زۆربەی وڵاتانی دونیا کە توانیویانە بە شێوەیەکی باش گیانی هاوڵاتییانیان بپارێزن کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشانی داوە توانایی کۆنترۆڵی ئەو دۆخەی نییە و ئەوەش دەرئەنجامی کۆنەپەرستانە و ڕادیکاڵی ئەم سیستمەیە کە بەداخەوە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەم ڕێژیمە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و گەلانی ناوچەکەی تووشی نەهامەتی کردووە.
دۆخی ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێت ڕێگای ڕزگاری و خۆشبەختیی گەلەکەمان دێموکراسی و ئازادییە کە ڕێبەری شەهیدمان ساڵانێکی زۆر خەباتی بۆ کرد.
هەر بەم بۆنەوە ئێمە پزیشکان و کادری دەرمانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕێبازی دوکتور "قاسملوو" و حیزبی دێموکرات پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسی بە ڕێبەری مەزنمان و شەهیدانی کوردستان و خەڵکی کوردستان نوێ دەکەینەوە و وێڕای هاوڕێیانمان لە شاخ سەنگەری خەبات لە شاردا ئاوەدان ڕادەگرین.
بەرز و پیرۆز بێت یادی ڕێبەری شەهیدمان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان
کۆمەڵێک لە پزیشکان و کادری دەرمانیی ئەندامی حیزبی دێموکرات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات