کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بۆ کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکان لە وڵاتی سوئید

12:01 - 15 خەزەڵوەر 2721

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکان کرد و لەو پەیامەدا، هەلومەرجی کوردستان و قەیرانەکانی ئێرانی شی کردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، ٤١مین کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکان لە شاری "گوتنبێرگ" دەستی پێ کرد.

 پێشتر "ستێفان لوێڤن" سەرۆکوەزیرانی سوئید و ڕێبەری سوسیال دێموکراتەکان ڕایگەیاند کە هەم وەک بەرپرسی سوسیال دێموکراتەکان و هەم وەک سەرۆکوەزیران دەست لەکار دەکێشێتەوە.

ناوبراو دواتر وەک جێگری "ماگدالێنا ئاندرسۆن" کە وەزیری ئابووری لە کابینەی "لوێڤن" بوو، دەستنیشان کرا.

ڕێکەوتی١٣ی خەزەڵوەر لەو کۆنگرەیەدا "ماگدالێنا ئاندرسۆن" وەک بەرپرسی سوسیال دێموکراتەکان هەڵبژێردرا و لەوە دەچێ تا هەڵبژاردنی داهاتووی سوئید ببێتە یەکەم سەرۆکوەزیری ژن لەو وڵاتەدا.

 لەم وڵاتەدا دەستاودەستکردنی دەسەڵات زۆر بە ئاسانی ئەنجام دەدرێت و بە بێ کێشە و گرفت سەر دەگرێت، بەپێچەوانەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

"ستێفان لوێڤن" دوای ١٠ ساڵ لە دەسەڵات جێگای خۆی بە "ماگدالێنا" دا و لەو کۆنگرەیەدا و بە گەرمی پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاراستەی ناوبراو کرد.

ئەمساڵ سوسیال دێموکراتەکان بە بێدەنگی کۆنگرەی خۆیان بەڕێوە برد. بەبێ ئەوەیکه هیچ حیزب و ڕێکخراو و دەوڵەتێک بۆ کۆنگرەکەیان بانگهێشت بکەن.

ئەم کۆنگرەیە لە ١٢هەتا ١٦ی خەزەڵوەر درێژەی دەبێت.

هۆکاری بانگهێشتنەکردنی وڵاتان و حیزبەکان بۆ ئەو کۆنگرەیە یەکەم کێشەی کۆڤید ١٩ و دووەمیش قەیرانی سوسیال دێموکراتەکان بووە.

هاوکات کێشەی دیکە وەک: "مافیابازی و تاقم و ئیسلامی سیاسی" بۆیان بووەتە گرفت کە خەڵکی سوئید لە دەسەڵاتدارییان وەڕەز بوونە و هەر بۆیە لە بواری ئاسایشەوە سوئید بەرەو ئاڵۆزی دەچێت.

ئەو دۆخە وای کردووە کە حیزبی "ڕاسیستی دێموکراتەکانـ"ـی سوئید خەریکە دەنگی زۆرینە دەهێننەوە و ڕەنگە لە داهاتوودا دەسه‌ڵات بەدەست بگرن.

سێ شاری گەورەی سوئید وەک "ستۆکهۆڵم، ماڵمۆ و گوتنبێرگ" ڕۆژ و شەو نییە کوشتنی تێدا ئەنجام نەدرێت. هەر بۆیە دەسەڵاتی "لوێڤن" لەو ١٠ ساڵەی دواییدا زۆر لەسەر مافیابازی کاریگەری و کۆنترۆڵی لەدەست دا تا بووە هۆی ئەوەی "لوێڤن" لە دەسەڵات دەست بکێشێتەوە.

لەو نێوانەدا حیزبی دێموکرات نامەی پیرۆزبایی ئاراستەی کۆنگرەی سوسیال دێموکراتەکان کردووە و لەو پەیامەدا هەلومەرجی کوردستان و قەیرانەکانی ئێرانیان شی کردووەتەوە.

سەرۆکی گشتیی سوسیال دێموکراتەکان لە سوئید ناوی "ئێڤا ماگدالێنا ئاندرسۆن" ( Eva Magdalena Andersson) و لەدایکبووی شاری "ئپسالا"یە.

ناوبراو لە زانکۆی بازرگانی شاری "ستۆکهۆڵم" کارناسیی باڵای لە بواری ئابووری وەرگرتووە و ساڵێکیش لە زانکۆی "هارڤارد"ی ئامریکا ئابووریی خوێندووە.

لە ساڵی ٢٠١٤ هەتا ١٣ی  خەزەڵوەری ١٤٠٠ی هەتاوی  وەزیری ئابووری بووە و لە ١٣ی خەزەڵوەر وەک سەرۆکی نوێی سوسیال دێموکراتەکان هەڵبژێردرا.