کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی حیزبی شیووعیی کوردستان

16:51 - 9 پووشپەڕ 2722

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٩ـەمین ساڵوەگەڕی ڕاگەیاندنی حیزبی شیووعیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز: مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیووعیی کوردستان

بە ناوی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەڕێز کاک مستەفا هیجری، لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان بەبۆنەی ٢٩ـەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی حیزبی شیووعیی کوردستان لە ٨٨ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانیدا پێشکەش دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان لە گەیشتن بە ئامانجە مرۆیی و نیشتیمانییەکانی حیزبە تێکۆشەرەکەتاندا لە خزمەت بە گەلانی عێراق و گەلی مافخوازی کورد و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان، بە ئاوات دەخوازین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حیزبە خەباتگێڕەکەتان شانازی بەو مێژووە درەوشاوەیە دەکات و هەڵوێستەکانی ئێوە لە قۆناغە جیاجیاکانی تێکۆشانی ڕزگاریخوازی و یەکسانیخوازیی نەتەوەکەمان لەو ماوەیەدا بەرز دەنرخێنیت. لە بەرهەمەکانی ئەو پەیوەندییە مێژووییە، دەتوانین ئاماژە بە هەڵوێستی لەبیرنەکراوی حیزبی شیووعی بکەین کە لە ڕۆژانی تەنگانە و هێرشی دڕندانەی ڕێژیمی مرۆڤکوژ و داگیرکەری تاران بۆ سەر کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، تێکۆشەرانی حیزبی ئێوە بە گیانفیدایی و قوربانیدانێکی کەموێنە شانبەشانی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەنگەری خەبات و بەرخۆداندا دەرەوەستی و دڵسۆزیی خۆیان وەکوو پاڵپشتێکی جێی متمانە بۆ دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان لەو بەشەی کوردستاندا سەلماند.

هەر لەو سۆنگەیەشەوە چاوەڕوانیمان لە ئێوە وەکوو هاوپشت و هاوسەنگەرێکی دێرین و باوەڕپێکراو ئەوەیە و دلنیاشین کە وەک هەمیشە لە ئاڵوگۆڕە هەستیار و چارەنووسسازەکانی بەردەم گەل و نیشتمانەکەمان بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا ڕۆڵی ئەرینی و دڵسۆزانەی خۆتان بۆ چارەسەری کێشەکان و پێکهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی لایەنەکان دەگێڕن و لە پێناوی بەجێهێنانی ئەو ئەرکە پیرۆزەدا وەک هەمیشە لێبڕاوانە هەو دەدەن.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکە بەبۆنەی ٢٩ـەمین ساڵڤەگەڕی ڕاگەیاندنی حیزبە تێکۆشەرەکەتان پیرۆزباییتان لێ دەکەین و وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر ئامانج و بەها پیرۆزە هاوبەشەکانمان و پێویستیی درێژەدانی هاوخەباتی و هاوکاریی هەمەلایەنە لە پێناوی وەدیهێنانیاندا، هیوای سەرکەوتنی زیاترتان لە بەرەوپێشبردنی کاروبارە حیزبی و نیشتمانییەکاندا بۆ بە ئاوات دەخوازین.

بەرز و پیرۆز بێ ٢٩ـەمین ساڵیادی ڕاگەیاندنی حیزبی شیووعیی کوردستان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پێوەندییە گشتییەکان

محەممەد نەزیف قادری

٨ی پووشپەڕی ١٤٠١ی هەتاوی