کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی گرتنی دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریە

18:36 - 22 خەزەڵوەر 2721

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا پیرۆزبایی دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی دێموکراتی کورد لە سووریەی (الپارتی) کرد و لەسەر پەیوەندیی دۆستانە و نیشتمانیی ئەو پارتە جەختی کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی!

بەڕێزان ئەندامانی تێکۆشەری کۆنگرە!

بە ناوی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لێپرسراوی گشتیی حیزب کاک ''مستەفا هیجریـ''ـ‌یەوە پڕ بە دڵ پیرۆزبایی گرتنی دوازدەهەمین کۆنگرەی حیزبە تێکۆشەرەکەتان لێ دەکەین و لە ڕێگەی ئێوەی بەڕێزیشەوە ئەم پیرۆزباییە پێشکەش بە جەماوەری حیزبەکەتان لە ڕۆژاوای کوردستان دەکەین و هیوای سەرکەوتنی کۆنگرەکەتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

هەڤاڵانی هێژا!

ئێوە لە هەلومەرجێکدا دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتەکەتان دەگرن کە ڕۆژاوای کوردستان بە دۆخێکی سیاسیی هەستیاردا تێدەپەڕێت و پرسی کورد و خەبات و بەرخۆدانی ڕۆڵەکانی کورد لەو بەشەی کوردستان بە فیداکاری و خوێن و خەباتی کوڕان و کچان و نیشتمانپەروەرانی کورد مێژوویەکی پڕ لە حەماسە و سەروەریی بۆ گەلی کورد تۆمار کردووە و بە پێشکەشکردنی گیانی پاکی هەزاران شەڕڤانی ئەو نیشتمانە چ لە بەرگری لە خاکی کوردستان و پاراستنی دەستکەوتەکانی و چ لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزی داگیرکار و تێرۆریستی داعش و تاقمەکانی دیکە توانا و لێهاتوویی خۆتان بۆ ڕای گشتی سەلماندووە. هەر ئەو بەرگرییە مێژووییە لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە بایەخەوە وەرگیراوە و بووەتە بناغەیەک بۆ پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە پرسی ڕەوای کورد لە کوردستانی سووریە.

ئەم دۆخە هەستیارە هەموو تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ئەرکدار دەکات کە هەست بە بەرپرسیاریەتیی زیاتر بکەن بۆ پاراستنی دەستکەوتە سیاسی و نەتەوەییەکان و بە یەکیەتی و یەکڕیزی لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکانی ڕۆژاوای کوردستان، مافە ڕەواکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا دەستەبەر بکەن. حیزبی دێموکرات بە چاوی هیواوە پرسی کورد بە گشتی و هاونیشتمانییانمان لە ڕۆژاوای کوردستان دەبینێت و پشتیوانیی سیاسیی خۆی لە خەباتە ڕەواکەی ڕادەگەیەنێتەوە و لەسەر پەیوەندیی دۆستانە و نیشتمانیش لەگەڵتان جەخت دەکاتەوە.

پیرۆز بێت دوازدەهەمین کۆنگرەی حیزبە تێکۆشەرەکەتان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەزگای پەیوەندییە گشتییەکان