کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکرات و K.C.K لە یەکتر بەبۆنەی جێژنی قوربانەوە

14:43 - 17 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆما جڤاکێن کوردستان بە بۆنەی جێژنی قوربانەوە، پەیامی پیرۆزباییان پێشکەش بە یەکتر کرد.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی کۆما جڤاکێن کوردستان لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم چەشنەیە:


بەڕێز مەکتەبی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە بۆنەی هاتنی جێژنی قوربانی پیرۆز بە ناوی خۆمان و سەرجەم ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان دەکەین.

ئەمساڵ لە کاتێکدا جێژنی قوربان پیرۆز دەکەین کە دوژمانانی کورد بە زیهنییەتی نکۆڵی، قڕکردن و سڕینەوەی گەلەکەمان لە سەراسەری کوردستان جارێکیتر هێرشێکی هەمە لایەنیەکان دەست پێکردوە. ئەم زیهنییەتە کەلە دژی ئازادی، یەکسانی و دیموکراسی و ئاشتییە لە سەر ناوی ئیسلام و خوێندنەوەیەکی تایبەت لە ئایین و ئیسلام لە کەسایەتیی گەلی کورددا هێرش دەکاتە سەر هەموو مرۆڤایەتی و نرخە ئایینی و مێژوویی و کەلتوورییەکانی. ئەو زیهنییەتەی کە گەلی کوردی لە هەڵەبجەدا کیمیاباران کرد، لە ئەنفال‌دا بە زیندوویی ژێر خاکی کرد، لە قامشلۆ، دێرسیم و ئاگری و زیلان کۆمەڵکوژیی کرد و لە مەهاباد لە سێدارەی دا، ئێستایش لە شنگال و کۆبانێ لەسەر کارە و مەترسیی خستۆتە سەر کوردستان.

بەڕێزان

لەم قۆناغە هەستیارە مێژووییەدا کە ستاتیکۆ هەڵدەوەشێتەوە و نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتیی جیهانی سەرلەنوێ دادەرێژرێتەوە، چارەنووس و دوارۆژی گەلەکەمان و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین لە بەردەم مەترسیی زۆر مەزن‌دایە. گەلی کورد هەروەکوو چۆن لە رابردوودا لە دژی تێرۆریزمی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان خەباتی کردوە ئێستایش لە سەر ناوی هەموو مرۆڤایەتی لە بەری پێشی شەڕ لە دژی تێرۆریزمی هەرێمی و نێودەوڵەتی دایە. سەرکەوتن لەم شەڕ و بەرخۆدانە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات. لە بەر ئەمەش یەکیەتیی نەتەوەیی، یەک هەڵویستی، خۆڕاگریی هەمەلایەنانەی هاوبەش هەم چارەنووسی گەلەکەمان بەرەو ئازادی و ئاشتی و دێموکراسی دەگۆڕێت و هەم گەلانی ناوچەکە و مرۆڤایەتیش لە مەترسی فاشیزم و دەمارگیری ئایینی رزگار دەکات هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە هەموو هێز و لایەنی کوردی لە سەرانسەری کوردستان شانبەشانی یەکتری لە هەموو بەرەکاندا لە بەرزترین ئاستدا تێکۆشان بکەن لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورددا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران خاوەن ئەزموونێکی گرینگە و چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە لەم بارودۆخە هەستیارەدا بە پشت‌بەستن بە ئەزموون و پێگەی سیاسی و جەماوەری رۆڵی مێژووی بگێڕن.

لە کۆتاییدا دووبارە جێژنی قوربانتان لێ پیرۆز دەکەین و لە خەبات و تێكۆشاندا سەرکەوتنتان بە ئاوات دەخوازین هیوادارین ئەم جێژنە ببێتە مایەی ئاشتی و ئازادی و ئارامی و هەر وەها پتەوکردنی بنەماکانی یەکیەتیی نەتەوەیی.
لەگەڵ سڵاو و رێزی شۆڕشگێڕی

هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(K.C.K)
٠٣/١٠/٢٠١٤ی زایینی


11126.jpg
پەیامی پیرۆزبایی کۆما جڤاکێن کوردستان بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران


دەقی پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆما جڤاکێن کوردستان بەم چەشنەیە:

بەڕێز/ هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان(K.C.K)
سوپاس بۆ نامەی پیرۆزبایی‌یەکەتان بە بۆنەی جێژنی قوربانی پیرۆز

ئێمەش بەم بۆنەوە پیرۆزبایی خۆمان پێشکەش بە بەڕێزتان، هەموو تێکۆشەرانی حیزبەکەتان و هەموو گەلی کورد دەکەین، بەتایبەت ئەو تێکۆشەرانەی کەلە رۆژانی جێژندا لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان لە شەڕدان و بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن.

هەر وەک هەموومان بەڕوونی دەبینین کوردستان و نەتەوەی کورد بەگشتی سەرەڕای بەدەستهێنانی دەسکەوتی سیاسی بەرچاو، بە قۆناغێکی زۆر هەستیار و پڕ مەترسیدا تێدەپەڕێ، بۆیە پێویست دەکا زیاتر لە هەموو کاتێك وشیار بێ و تووشی هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەی هەڵەی ئەوتۆ نەبێ کە بۆی قەرەبوو نەکرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا بێگومان یەکڕێزی و هاودەنگی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکاندا یارمەتیدەرێکی باش دەبێ لە دەربازکردنی ئەم قۆناغە بە سەرکەوتوویی و شانازییەکەی بۆ هەموو لایەک دەگەڕێتەوە، بۆ گەیشتن بە یەکڕێزیش قبووڵ کردنی یەکتر و کاری هاوبەش دەوری سەرکی دەبینێ.

حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندییەدا تێکۆشاوە ئەرکی سەرشانی خۆی وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەپێی توانا جێبەجێ بکات.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی جێژنتان لێ دەکەین و سەرکەوتنتان لە شەڕ دژی تیرۆریستان و داگیرکەرانی کوردستان بۆ بە ئاوات دەخوازین.
هەر بژین بە سەربەرزی و سەرکەوتوویی

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی
رێکەوتی ٠٦/١٠/٢٠١٤ی زایینی
١٤/٠٧/١٣٩٣ی هەتاوی


11095.jpg
پەیامی پیرۆزبایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ کۆما جڤاکێن کوردستان