کوردستان میدیا: پۆلێک لە مامۆستایان و قوتابییانی زانستگەکانی شارەکانی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز و ڕۆژی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستا و قوتابییانی زانستگەکانی شارەکانی پیرانشار، سەردەشت، شنۆ، نەغەدە و مهاباد، بەبۆنەی ۲٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و ڕۆژی ئاڵای کوردستان، کە هەردووکیان دیاریی کۆماری کوردستانن، پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە خۆمان و گشت پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان دەکەین.
بێگومان پێشمەرگە ئەو ماکە هەرە چالاکەی نێو جەرگەی خەباتە کە بە بیر و باوەڕی خەمڵاوی سیاسی و لێوڕێژ لە هەستی نەتەوایەتی و ئازادییەوە پێی ناوەتە جەرگەی خەبات لە دژی تاریکترین بیری دژە ئازادیی سەردەم و بە ورە و ئیرادەی پۆڵاین، چاوی بڕیوەتە ئاسۆی ڕزگاری و بەختەوەریی گەلەکەی و بێوچان ڕێگە دەبڕێت.
پێشمەرگە تەنیا توانای نیزامیی گەلێکە کە ئاگاهانە پارێزگاری لە بوون و کەرامەتی گەلەکەی دەکات و لە دژی هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ناحەزانی گەل و وڵات سینگی کردووەتە قەڵغانی نەیاران.
بەڕاستی "پێشمەرگە، باسکی بەهێزی گەلە". ئەو ڕۆژەت لێ پیرۆز بێ باسکە بەهێزەکەی گەل و نیشتمان.