کوردستان میدیا: ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە پەیامێکدا، پیرۆزبایی خۆیان گەیاندە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی هەرێمی کوردستانی عێراق.
دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیه:
بەڕێز كاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان
بە بۆنەی هەڵبژاردنی بەڕێزتانەوە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن هەموو حیزبەكانی بەشدار لە ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، پڕ بە دڵ پیرۆزباییتان لێدەكەین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموون و لێهاتوویی جەنابتان لە ئیدارەی حكوومەت و دڵسۆزیتان بۆ گەل و نیشتمان، هیوادارین بە هەوڵەكانی ئێوە ژیانی خەڵک لە باشووری كوردستان ڕوو لە باشبوون بكات و وەک هەمیشە ببنە پاڵپشت بۆ هەموو كوردان لە هەر چوارپارچەی كوردستان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتن بۆ ئێوە و دۆزی ڕەوای كورد دەخوازین.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٨ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی
٢٩ی مەی ٢٠١٩ی زایینی