کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی کوردانی خەڵکی ئەوێهەنگ و دانیشتووی دەماوەند بەبۆنەی نەورۆزی کوردەوارییەوە

17:17 - 29 رەشەمه 2719

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ و کوردانی دانیشتووی دەماوەند، بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، پەیامێکی پیرۆزباییان ڕوو لە خەڵکی کوردستان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەپێی ئەرکی سەرشانی خۆمان، پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە خەڵکی کوردستان،  کادر و پێشمەرگە قارەمانەکان، بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان، زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر و بنەماڵە بەڕێزەکانیان، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبە خۆشەویستەکەی کوردستان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین.

لە ناخی دڵمانەوە پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە ژیانپارێزانی کوردستان و دوکتور و پەرستارەکان دەکەین.

 دەستخۆشی لە ئەوانەی دەکەین کە خۆبەخشانە و بە یارمەتیی خەڵک، شار و گوندەکانی کوردستان خاوێن دەکەنەوە و بەرگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەن.

هەروەها خۆمان بە هاوبەشی خەمی بنەماڵەی قوربانییانی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەزانین، ئەوە ڕوون و ئاشکرایە کە ڕێژیمی نەگریسی ئاخوندی هۆکاری سەرەکیی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنایە و تا ئێستایش هیچ هەوڵێکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک نەداوە. هەروەها لە کاتی بوومەلەرزە و لافاو و... دەرکەوتووە کە تەنیا خەڵکن یارمەتیی خۆیان دەدەن.

هیوادارین ساڵی نوێ ساڵی ئازادیی گەلی کورد بێت. گەلی کورد بە شێوازی جۆراوجۆر نیشانی داوە کە کاتی ئەوە هاتووە خاوەنی دەستکەوتی خۆی بێت و سەربەرزانە داوای مافی ڕەوای خۆی بکات.

بە هاتنی ساڵی نوێ دیسان بەڵێنیی وەفاداریی خۆمان لەگەڵ ڕێبازی "قازی، قاسملوو" و شەرەفکەندی و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی وڵاتەکەمان و شەهیدانی ڕاسانی گەل نوێ دەکەینەوە و تا دوایین ساتەکانی ژیانمان خۆمان قەرزداری خوێنی شەهیدان دەزانین.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، خەڵکی گوندی ئەوێهەنگ و کوردانی دانیشتووی دەماوەند