کوردستان میدیا: ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سنە، پەیامێکیان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
پێشمەرگە وشەیەکە کە نەک هەر سەرماوەز بەڵکوو زۆربەی وەرزەکان و ڕۆژکان ڕێزیان لە قارەمانێتی و گیانفیدایی گرتووە، کاتەکان و خولەک خولەکی مێژووی وڵات شایەتیی بۆ دەدەن، بست بە بستی نیشتمان هەنگاوەکانیان دەناسن، تەنیا ڕۆژێک و وەرزێک ناتوانێت ئەوهەمووە فیداکارییە لەخۆ بگرێت، پێشمەرگە سات و خولەک و کاتژمێر و ڕۆژ و وەرز و ساڵ، سەر و ماڵی لە ڕێگای نیشتمان و گیانی پیرۆزیشی لە ڕێگای کوردستان بەخت کردووە.
ئێمە تەشکیلاتی نەهێنیی سنە، وەکوو دڵۆپێک لە زەریای بنەماڵەی دێموکرات، ٢٦ی سەرماوەز لە هەموو بنەماڵەیەکی کوردپەروەر و لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆزبایی دەڵێین و سەرماوەزی ئەمساڵ، جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، بە سەرماوەزی ڕابوونی گەل دەزانین و ئەم بەرهەمەش لە ئاکامی هەوڵ و تێکۆشان و خۆڕاگریی پێشمەرگە هاتووەتە دی کە پێشمەرگە و گەل دوو وشەی لێکدانەبڕاوە.
لە ئاستی هەموو داکۆکییەکانتان، بۆ شەونخۆنییەکانتان، بەگشتی لە پێناو دەرد و ڕەنج و ماندووییتان، دەستی گەرمتان دەگوشین و سەری ڕێز و نوازشتان بۆ دادەنوێنین، هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پێشمەرگەیە و پێشمەرگەش هیوای ئەمڕۆ و داهاتوومانە.
سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،
سڵاوێکی تایبەت بۆ دایکی شەهیدان،
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی پێشمەرگەکان.
تەشکیلاتی نەهێنیی شاری سنە
٢٦ی سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی