کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد، پەیامی پیرۆزبایی ٢٦ی سەرماوەزیان ئاراستەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەبۆنەی هاتنی مانگی سەرماوەز و بەتایبەت دوو بۆنەی گرینگ و مێژوویی واتە ۱۶ی سەرماوەز، ڕۆژی شەهیدانی زیندووی گەل و لە سەرووی هەموویانەوە ڕێبەری ناسراو و فەرماندەی دوژمن لەرزێنی گەلەکەمان، مامۆستا "حەسەنی شیوەسەڵی"، سەری کڕنۆش لە بەرامبەر هەیبەتی مامۆستا شیوەسەڵی و هەموو کەمئەندامبووانی سەنگەری کەرامەت و شەڕەف و کۆڵنەدان دادەنوێنین و دەزگای تێرۆریزمی کۆماری تێرۆریستی ئێران مەحکووم دەکەین.
هەروەها لە ڕۆژی ۲۶ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، سڵاو دەنێرین بۆ تاک بە تاکی پێشمەرگەکانی شاخ و پێیان دەڵێین: بە شۆڕشی ئێوە لە شاخ، عەزم و ئیرادەی ئێمەش لە شار هەر بەرزتر دەبێت و پێکەوەیە کە دەتوانین خەباتی شار و شاخ بەرەو پێشەوە ببەین و دەستی یەکە یەکەیان ماچ دەکەین.
دیسان ڕۆژی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەڵێین و بەڵێن دەدەین بە ڕێبەرایەتیی حیزب و هەموو کادر و پێشمەرگەکان و بەتایبەت مامۆستا حەسەنی شیوەسەڵی کە ئێمە پێشمەرگەکانی شار، ڕێگای قارەمانانی وەکوو ئێوە بەرنادەین و دەبینە دەست و پەل و دوو چاوە بریندارەکەی مامۆستا شیوەسەڵی و بە دژی داگیرکەرانی تاراندا دەچینەوە.
پیرۆز بێت ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان