کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە گوندی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، پەیامێکیان بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
سەرماوەزە سەرما دەبەزێنێت
هەتاو بەفر دەتوێنێتەوە
چیا شێر لە ئامێز دەگرێت
هەڵۆ هەور دەبڕێ
پێشمەرگە دوژمن دەبەزێنێت و
شنەی کوێستانی کوردشتانیش
سەما بە ئاڵاکەمان دەکات.
پێشمەرگە تێکۆشەرەکان!
٧٤ ساڵ بەسەر یەکەم سەرماوەزی گەل، سەرماوەزی کۆمار و هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستان تێپەڕی، بۆیە لەم ڕۆژە پیرۆزەدا کە بە ڕۆژی پێشمەرگە گیان لە سەردەستەکانی نیشتمان ناودێر کراوە، وێڕای ناردنی سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە لە سەرجەم پێشمەرگەکانی شار و شاخ، پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە نیشتمانییەتان لێ دەکەین.
خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
۲٦ی سەرماوز تەنیا ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان نییە، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک ڕۆژی پێشمەرگە و ئاڵایە، لە ڕاستیدا ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی مێژوویی خەڵکی کوردستانە کە لەو ڕۆژەدا سڵاو و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ پێشمەرگەی پێش مەرگی نەتەوەکەمان بنێرن و ڕێز و کڕنۆش بۆ ئاڵای چوار ڕەنگی هەردەم شەکاوەی نیشتمانەکەمان بەرز بگرین.
لاوانی تێکۆشەر و مافویست!
ڕۆژ ڕۆژی سەربەستی و کەڵ ژیانە، سەربەستیی ئێمەش تەنیا لە شاخەکان و کەڵ ژیانیش شکاندنی بێدەنگی بەرانبەر بە دوژمنانی خوێنمژ و داگیرکەرانی دڵ پڕ لە ڕقە، داواتان لێ دەکەین وەرن پەیوەست بن بە ڕیزی چیاقامەتانی شاخ و چیاباوەڕانی شارەوە، لاوان هیوای گەلن بۆیە سەنگەری مەتەرێز چاوەڕێی هەموومانە، ڕۆژ ڕۆژی هیمەت و ڕاماڵینی داگیرکەرانە، ئێمەش مافی خۆمانە ئازاد بژین.
لە کۆتاییدا ئێمە وەکوو پێشمەرگەکانی شار لە گوندی ''مێراو'' سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، جارێکی تر وێڕای پیرۆزبایی ۲٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە گشت هاوسەرنگەرانمان لە شار و شاخ، لە ڕێبازی سەرجەم پێشمەرگە شەهیدەکان، پەیمان نوێ دەکەینەوە کە پارێزەی ئاڵاکەمان و تێکۆشەری گەل بین.
سەرکەوێ ڕاسان
پێشمەرگەکانی شار
ئاوایی مێراو
۲٦ی سەرماوەزی ۲۷۱۹ی کوردی