پێشمەرگە سپیپۆشەکانی کوردستان، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان، پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ئێمە وەکوو کادری دەرمانیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان پیرۆزبایی لە سەرجەم کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەکەین.
پێشمەرگەکانی کوردستان ئەو کەسانەن کە بە حەق نیشانیان داوە کە ڕۆڵەی بە ئەمەگی گەلی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستانن.
هەروەک دەزانین ڕێژیمی ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بچووکترین داخوازییە ڕەوا و مرۆڤییەکانی گەلەکەمانی بە سەرکوت و زەبروزەنگ وڵام داوەتەوە و هەر بۆیە بوونی هێزی پێشمەرگە، وەکوو بەرگریکار و پارێزەری کەرامەت و شەرەفی گەلی کورد، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ئێمە وەکوو پێشمەرگە سپیپۆشەکانی کوردستان لە ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزدا، پەیمانی وەفاداریی خۆمان لەگەڵ پێشمەرگە گیانلەسەردەستەکانی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان نوێ دەکەینەوە و ڕایدەگەیەنین کە هەتا سەر پاڵپشتی ڕێگا و ڕێبازی پیرۆزیانین.