پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بەبۆنەی شەوی یەلدا و شەوی لەدایکبوونی دوکتور قاسملوو پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
ڕێزدار بنەماڵەی دوکتور قاسملوو!
ڕێزدار ڕێبەرایەتیی حیزب!
ڕێزدار ڕێکخستنی گشتی!
وێڕای سڵاو و ڕێز
وا دیسان یەلدا ھاتەوە ئەو شەوەی ئەستێرەی بەختی کوردان تیشکی خستە سەر نیشتمانمان، بەڵام زۆری نەخایاند کە نەیارانی خاک ھەوڵی لەنێوچوونی ئەستێرەیان دا، ئەوان نەیاندەزانی ئەو ئەستێرەیە لەنێو دڵی کوردان جێگای گرتووە و هیچ کات تیشکی خامۆش نابێت، تەنانەت سەدان ساڵ دوای مەرگیشی.
ئێمە پێشمەرگەکانی شار، بەبۆنەی ھاتنی شەوی یەلدا، شەوی لەدایکبوونی ڕێبەرێکی لێوانلێو لە بەھار، شەھیدی ھەرگیز نەمر کاک دوکتور قاسملوو پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی قاسملوو، ڕێبەرایەتیی حیزب، ڕێکخستنی گشتی، فەرماندەیی ھێزی پێشمەرگە، زیندانییە سیاسییەکان، شەھیدان، کەمئەندامان و بنەماڵەی ھەر ھەموو لایەک و خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژھەڵات و ھەر چوار پارچەی کوردستان دەکەین، لەو شەوەدا پەیمان نوێ دەکەینەوە ڕێگامان ھەر چەند سەخت و لێژتر بێت، ھەر چەند ھەورازی پڕ لە تەم و مژ و بۆسە بێت، دەبێ نەیارانی خاکمان باش بەزانن کە ھەتا ڕزگاریی نیشتمانمان دەست ھەڵناگرین لە چەکی شانمان، ھەردەم لە یادمانە بیری تۆڵە.