کوردستان میدیا: پەیامی پێشمەرگەکانی شار، بۆ تۆڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات لە چڵکاوخۆرانی ڕق لە دڵ، لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بۆکان بڵاو کرایەوە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، تێکۆشەرانی دێموکرات، لە شاری بۆکان لە گوندەکانی "سەوزی، حاجیلەک و قەرەگۆل" پەیامی پێشمەرگەکانی شاریان، بۆ تۆڵەی شەهیدانی حیزبی دێموکرات بڵاو کردەوە.
لەو چالاکییانەدا، ڕاگەیەندراوی تایبەتی پێشمەرگەکانی شار لە بۆکانیان چاپ و بڵاو کردووەتەوە.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، پێشمەرگەکانی شاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری بۆکان، لە ناوچەی "ئاڵەشین" پەیامی پێشمەرگەکانی شاریان بڵاو کردووەتەوە لە ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "هاوینی ئەمساڵ دوو شۆڕشگێڕی دێموكرات و دوو كێوی باوەڕ و كۆڵنەدان (هاوڕێیان شەهاب حەیدەری و هەژار ڕەزایی) كە ساڵانێک لە ڕیزەكانی ڕێكخستنی نهێنیی حیزبدا پێكەوە خەبات و چالاكیمان دەكرد، بە هۆی خەیانەتێكی لەبیرنەكراو، كەوتنە بۆسەی چڵكاوخۆرانی ڕێژیم و بە شێوەیەكی دڕندانە شەهید كران.
لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئێمە درێژەدەرانی ڕێبازی پڕسەروەریی شەهیدان، سەرەڕای هەموو ئەو بەرپرسیاریەتییە ئەخلاقی و نەتەوەییانەی كە خەباتی ڕەوای حیزب و گەلەكەمان دەیخاتە سەرشانمان، ئەركێكی قورسی دیكەشمان لە سەرشانە، كە دەبێ بۆ بەجێگەیاندنی هەوڵ بدەین، ئەویش لەبیرنەكردنی هەستی تۆڵەكردنەوەی خوێنی بەناحەق ڕژاوی شەهیدانی هاوڕێمان و وەشاندنی گورزی گورچبڕ لەو چڵكاوخۆرە ڕق لە دڵانەیە، كە خوێنی ئاڵی پاكترین ڕۆڵەكانی ئەم نیشتمانە لە پێناوی خزمەت بە داگیركەری دڕندەدا دەڕێژن.