کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پێشمەرگەکانی شار لە "بۆکان"، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ

12:26 - 22 پووشپەڕ 2720

پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی "چۆمی مەجیدخانـ"ـی بۆکان، بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ساڵوەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین؛

گەلێک ئازادیی بوێ، دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا؛

هاونیشتمانییانی هێژا، خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

هەر وەک ئاگادارن، ۳۱ ساڵ بەسەر تێرۆرکرانی ناوداری گەلەکەمان، دوکتور قاسملوو تێپەڕ دەبێت، کورد و بەگشتی دنیای دەرەوە، هێدی هێدی لە ئامانج، هزر و بیر، کار و کردار و کردەوەکانی قاسملووی نەمر تێدەگەن. هەر بۆیە ئەمساڵ، بەنیسبەت ساڵانی پێشوو وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان. هەمووان شاهیدی ئەو ڕاستییە بووین کە چۆن بە جۆش و خرۆشەوە، هەڵوێستی کردار و وەفاداری، تووڕەیی خۆیان بە دژی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری پەت و سێدارە دەربڕی.

ڕاسانی تاراوگە، خاڵێکی نوێ و دەستپێکێکی بەهێز بوو لە خەباتی تاراوگەنشین، بۆیە ئێمەش وەک پێشمەرگەی شار لە ناوچەی "چۆمی مەجیدخان" لە یادی سی و یەکەمین ساڵوەگەڕی شەهید دوکتور قاسملوو، تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری پەت و سێدارە مەحکووم دەکەین.

لە هەمان کاتدا پەیمان و وەفاداریی خۆمان بە ڕێبازی پڕ لە سەرەوەریی قاسملووی نەمر نوێ دەکەینەوە کە هەتا دواهەناسەی ژیان، پارێزەری نیشتمان دەبین.

سڵاو لە خوێنی پاکی شەهید دوکتور قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان.

پێشمەرگەکانی شار لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان

۲٢ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی