کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد

16:39 - 1 رێبەندان 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد بە بۆنەی ٢ی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

پەیامی کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد بە بۆنەی ۲ی ڕێبەندان،ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان

ڕێبەنـــدان گەرچی ڕێگە بەندانی

گلێـــنەی چاوی گەلی کــــوردانی

لە نێو مانگاندا جوان و ڕووسووری

لە تۆدا کرا جــــــێژنی جمهووری

هەر چەند کۆماری دێموکراتی کوردستان لە مەهاباد تەمەنی کورت بوو و زۆری درێژە نەکێشا و بە پیلانی دوژمنانی ئینسانییەت و حەق و مافی ڕەوا، ڕووخێندرا، بەڵام پێشەوا قازی و ڕێبەرانی ئەو کاتی حیزبی دێمۆکرات توانیان کارێکی وا گرینگ بۆ میللەتی کورد بکەن کە ببنە چرا بۆ هەموو نەتەوەی کورد و ئەو چرایە تا ئێستاش هەر گەشانەوەدایە.

دامەزراندنی نیزامێکی سەردەمیانەی کوردی بە ناوی کۆماری کوردستان، پێکهێنانی هێزی پێشمەرگە، کاراکردنەوە و برەوپێدانی زمانی کوردی، دانانی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان و لاوان، گرینگی پێدان و لەبەرچاوگرتنی زمان و فەرهەنگی نەتەوە جیاوازەکان لە کوردستان، بەشێک بوون لەو دەسکەوتانەی کۆماری کوردستان کە ئێستا ئێمە شانازبیان پێوە دەکەین و بە دڵنیایی ئەگەر کۆماری کوردستان پێکنەهاتبا، ئەمڕۆ ئێمە دەیان ساڵ لە دوایە دەبووین.

ڕەنگ بێ ئەگەر کۆماری کوردستان نەڕووخابا ئێستا یەکێک لە باشترین و خەڵکیترین دەسەڵاتەکانی دنیای پێشکەوتوو دەبوو.

بە بۆنەی دووی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان،وەکوو پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد پیرۆزبایی لە میللەتی کورد و حیزبەکەمان و هەموو دڵسۆزانی پرسی نەتەوەیی کورد دەکەین و هیوادارین کە نەتەوەی کورد و لایەنە سیاسییەکانمان وەسیەتەکانی پێشەوا قازی محەممەد بەجێ بێنن.

بە هیوای سـەرکەوتن

پێشمەرگەکانی شار لە مەهاباد