کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ڕێکخراوەکانی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

13:14 - 9 خاکەلێوه 2722

یەکیەتییەکانی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ۱۰ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان پەیامێکیان بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامە بەم چەشنەیە:

بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!

خەڵکی خۆشەویست و بەئەمەگی کوردستان!

زیندانییانی سیاسیی کورد و ڕزگاریخوازانی کوردستان!

 هەر وەک دەزانن لە ١٠ی خاکەلێوەی ۷٥ ساڵ پێش یەکەم سەرکۆماری کوردستان پێشەوا ''قازی محەممەد '' و هاوڕێیانی ''سەیفی قازی و سەدری قازی''، لە مەیدانی چوارچرای مەهاباد، لەلایەن بەناو دادگای حکوومەتی پەهلەوییەوە لە سێدارە دران و گیانی ئازیزیان بە خاکی پاکی کوردستان سپارد، بۆیە ئەم ڕۆژە کە لە بیرەوەری کورددا وەکوو بیرەوەرییەکی تاڵ و ناخۆش سەیر دەکرێت، لە ئێستەدا کراوەتە هێمایەک بۆ یادکردنەوە شەهیدانی کوردستان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازەکەیان.

ئەم کۆمارە کە خولیا و ئاواتی نەتەوەی ستەملێکراوی کوردە، یەکەم دەسکەوت و سیستمی دێموکراتیک و مودێڕنی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بوو، پاش یازدە مانگ و چەند ڕۆژ لە دامەزرانی، بە هۆی پیلانە دەرەکی، ناوچەیی و نێوخۆیییەکانەوە، کەوتە بەر هێرشی بێبەزەییانەی ئەرتەشی حکوومەتی محەممەدڕەزای شای پالەوی و جوانەمەرگ کرا.

بەڕێزان جێی ئاماژەیە کە ۷٥ ساڵ پێش پێشەوای نەمر بیری لە مافی ژنان، لاوان و تەنانەت توێژی خوێندەواری کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردەواری کردبووەوە و بە کردەوەش لەو کۆمارە کەمتەمەنەدا خستیە بواری جێبەجێکردنەوە و خاڵێکی جێی سەرنجیش ئەوەیە کە هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی کوردستان، لە ناوەندی ئورووپا کە خۆیان بە لانکەی دێموکراسی ناو دەبەن، هیتلەری نازیسم کوورەی مرۆڤ سووتاندنی دامەزراندبوو.

تیکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی!

پێشەوا قازی محەممەدی نەمر لەو سەردەمەدا باسی لە ئازادی و مافەکانی ئینسانیی نەتەوەی کوردی دەکرد و لە بەرانبەردا سیاسەتی ڕێژیمی پاشایەتی دژ بەم نەتەوەیە زۆر نامرۆڤانە بوو و دوای ئەو ڕێژیمە دڕندەیە ڕێژیمێکی دیکتاتۆر و مرۆڤکوژتر هاتووەتە سەرکار و تا ئەمڕۆ، ئەگەرچی باس لە بەرجامێکی دیکە دەکرێت، لە جنایەتەکانی دژ بە نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی ئێران دەستی نەپاراستووە و هەر بۆیە جارێکی دیکە، ئێمه وەکوو ڕێبوارانی ڕێگای شەهیدان، لەگەڵ گیانی پاکی شەهیدی ڕێبەر پێشەوا قازی محەممەد و هەموو شەهیدانی کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تاسەر بە ڕێبازی پیرۆزیان وەفادار دەمێنینەوە.

لە کۆتاییدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان.

بڕووخێت کۆماری پەت و سێدارە.

یەکیەتییەکانی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، ژنان و لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

۱۰ی خاکەلێوەی ۲۷۲۲ی کوردی