پەیامی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
سڵاوی ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدانتان پێشکەش دەکەین
شانازییەکی مەزنە کە لە تریبونی کۆنگرەی شازدەهەمی حیزبەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، حیزبی بنەماڵەی هەزاران شەهیدی سوورخەڵاتی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبی دایک و حیزبی قازی و قاسملوو و شەرەفکەندییەوە پەیامی ئەمەگناسی و درێژەدان بە رێبازی پڕ لە سەروەریی ڕۆڵە گیانبەختکردووەکانی نەتەوەکەمانتان پێشکەش بکەین.
پتر لە حەفتاودوو ساڵ خەباتی بێ پسانەوەی حیزبی دێموکرات لە پێناو وەدیهێنانی ئامانجە دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی نەتەوە سەربەرزەکەمان و پێشکەشکردنی هەزاران ڕۆڵەی وەفادار بەم ڕێبازە سەردەمیانە و مرۆڤتەوەرە، بە پلەیەکی بەرچاو قەرزاری لە خۆبردوویی، گیانفیدایی و بڕواپتەویی ئێوەی بنەماڵەی شەهیدانە کە بیروباوەڕتان قەڵایەکی لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و ڕزگاریخوازی بووە.
ڕاپەڕین و خرۆشانی ئەمدواییانەی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران لە دژی زوڵم و ستەمی دەسەڵاتدارانی هەنووکەی تاران، پەرەسەندنی بیروباوەڕی ئازادیخوازی و دێموکراسیخوازی لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، بەرزبوونەوەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری پێگە و نفووزی حیزبەکەتان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نەک هەر لە کوردستان، بەڵکوو لە ئێران و ناوچەکەش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە ڕۆژی هاتنەدی ئاواتی شەهیدان و بەرهەمی خوێنی ئاڵیان و جاڕدانی بانگی سەرکەوتنی حەق و داد بەسەر تاریکی و کۆنەپەرەستی نزیکتر لە هەر کاتێکە.
پشتگیریی قایم و پتەوتان لە ڕاسان، خەباتی نوێی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی میراتگری شەهیدان هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنیەوە لە نەورۆزی ١٣٩٥ەوە تا هەنووکە، نیشانەیەکی بەرچاوی ئەو ڕاستییەیە کە وەک هەمیشە خۆتان لە ڕیزی پێشەوەی ئەرکداران و هەڵگرانی ئاڵای دێموکرات دەزانن. چ پاداشێک بارتەقای ئەو قورسایی ئەرک و پەرۆشییەتان دەبێ جگە لە هاتنەدیی ئاوات و خولیای ڕۆڵە خەباتگێڕ و نەبەزەکانتان.
ڕاسان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بە دۆست و دوژمنی سەلماند کە هێنانەدیی پەیمانمان لەگەڵ بنەماڵەی شەهیدان هەمیشە و هەردەم لە ترۆپکی کار و کردەوەکانماندا بووە، سەلماندنێک کە گەشانەوەی هیوا و خۆزگەی دایکانی جگەرسووتاوی سەروەرانی مێژووی مرۆڤایەتی لێکەوتووەتەوە، سەلماندنێک کە بەبێ گیانفیدایی و لەخۆبردوویی پێشمەرگە نەبەزەکانی حیزبەکەمان و پەیوەستبوونی بەشێک لە باشترین ڕۆڵە خەباتکارەکانی ئەم نەتەوەیە بە ریزی کاروانی شەهیدان دەستەبەر نەدەبوو.
بەختەوەرین لەم تریبونەوە، سڵاوی ئەمەگناسی و لەخۆبردوویی بۆ سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان، لە شەهیدانی سەردەمی کۆماری دێموکراتیکی کوردستانەوە تا شەهیدانی ڕاسان، بنێرین و پەیمانی وەفاداری لەگەڵ شەهیدانی سوورخەڵاتی نەتەوە ستەمدیتوو بەڵام خەباتکار و کۆڵنەدەرەکەمان نوێ بکەینەوە و ڕایبگەیەنین کە ڕاسان درێژەی هەیە.
هەزاران سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان
سەرکەوێ خەباتی نەتەوەیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات
شەکاوە بێ ئاڵای ڕاسان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆنگرەی شازدەهەم